spot_imgspot_img

پارێزگاری هەولێر: لافاو دروست نەبووە

پارێزگاری هەولێر: لافاو دروست نەبووە و پڕۆژە نوێیەکان مەترسییەکانیان کەمکردووەتەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوایین زانیارییەکانی لەسەر دۆخی شەپۆلی بارانبارینی سنووری پارێزگاکە خستە ڕوو و ڕایگەیاند، سەرەڕای بارینی بڕێکی زۆر باران، بەڵام هیچ لافاوێک لە شارەکەدا دروست نەبووە.

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە سەنتەری شاری هەولێر بڕی 50 ملم باران باریوە، بەڵام بەهۆی ئامادەکارییە پێشوەختەکانەوە توانراوە ڕووبەڕووی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو ببنەوە.

 پارێزگار ئاماژەی بەوە کرد، کە لافاو ڕووینەداوە، تەنها لە چەند ناوچەیەکی کەم ئاو کۆبووەتەوە کە ببووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ و تیمەکانیش سەرقاڵی چارەسەرکردنین.

 ئومێد خۆشناو جەختی کردەوە، کە ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجام دراون، لەگەڵ دروستکردنی بەنداو و پۆندە نوێیەکان، هۆکاری سەرەکی بوون بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو و ڕێگریکردن لە کارەسات.

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، کە هەردوو زێی گەورە و بچووک ئاستی ئاویان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و زۆرینەی پۆند و بەنداوەکانیش سەرڕێژ بوون، ئەمەش بووەتە هۆی بوژانەوەی ئاوی ژێر زەوی لە ناوچەکەدا.

پارێزگاری هەولێر داوای لە هاووڵاتییان کرد ڕەچاوی دۆخی کەشوهەوا بکەن و ڕایگەیاند: “تکایە ئەگەر کارێکی زۆر پێویستان نەبێت، لە دوای کاتژمێر 6:00ی ئێوارەوە تا بەرەبەیان نەیەنە دەرەوە بۆ ئەوەی سەلامەت بن و تیمەکانیش بتوانن کارەکانیان بە باشی ئەنجام بدەن.”

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە