دامەزراوەی “ڕۆسکۆسمۆس” یەکەم وێنەی زەوی بڵاوکردەوە کە لەلایەن مانگی دەستکردی نوێی ڕووسی “Elektro-L” بۆ کەشناسی تۆمارکراوە، کە لە ١٢ی شوباتی ڕابردوو ڕەوانەی خولگە کرا.
دامەزراوەکە لە چەناڵی تێلیگرامی خۆی ڕایگەیاند: “ئەو ئامێرانەی لەسەر پشتی مانگە دەستکردەکەن و لەلایەن پسپۆڕانی کۆمپانیای سیستەمە فەزاییەکانی ڕووسیاوە پەرەیان پێدراوە، بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکەن و زانیارییەکان بە تەواوی دەگوازنەوە. یەکەم وێنەکان کە لەلایەن ئامێری پشکنەری فرە-شەبەنگی ناو مانگە دەستکردەکەوە گیراون، ئاوەکانی زەریای هیندی و هەموو قاڕەکان دەگرێتەوە، جگە لە ئەمریکای باکوور و باشوور.”
“ڕۆسکۆسمۆس” ئاماژەی بەوەش کردووە کە مانگە دەستکردەکە لە ڕێگەی ١٠ چەناڵەوە وێنەی زەوی دەگرێت، کە حەوتیان لە مەودای تیشکی ژێرسوور (ئەو تیشکەی بە چاوی مرۆڤ نابینرێت) کاردەکەن، لە کاتێکدا سێ چەناڵەکەی تری لە مەودای تیشکی بینراودا کاردەکەن. چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی پێوانەکردن و ڕێکخستنی (Calibration) ئامێرە ئەلیکترۆنی و بیناییەکان بۆ چەند مانگێکی دیکە بەردەوام بێت.
ڕووسیا پێنجەمین مانگی دەستکرد لە زنجیرەی “Elektro-L” لە ١٢ی شوباتی ڕابردوو لە بنکەی فەزایی “بایکۆنور”ەوە ڕەوانەی خولگە کرد، و بۆ پرۆسەی هەڵدانیش مووشەکێکی ڕووسی لە جۆری “Proton-M” بەکارهێنرا.
مانگەکانی دەستکردی “Elektro-L” لە خولگەیەکی جێگیردا (Geostationary orbit) بە دەوری زەویدا کاردەکەن، و هەڵدەستن بە کۆکردنەوە و پرۆسێسکردنی وێنەی فرە-شەبەنگ بۆ هەورەکان و ڕووی هەسارەکەمان، هەروەها زانیارییەکانی کەشناسی کۆدەکەنەوە و دەینێرن بۆ فانۆسەکانی فریاگوزاری (Emergency Beacons) سەر بە سیستەمی “COSPAS-SARSAT”ی ڕووسی.
سەرچاوە: تاس
