spot_imgspot_img

ئێران بە فەرمی وەڵامی پێشنیازە ئەمریکای دایەوە

تەسنیم: ئێران بە فەرمی وەڵامی پێشنیازە ١٥ خاڵییەکەی ئەمریکای دایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشکرای کرد کە ئێران شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانەوە، وەڵامی فەرمیی خۆی سەبارەت بە پێشنیازە ١٥ خاڵییەکەی ئەمریکا ڕادەست کردووە. تەئکیدیشی کردەوە کە ئێستا تاران چاوەڕێی وەڵامی لایەنی بەرامبەر دەکات لەسەر هەڵوێستەکەی.

بەپێی زانیارییەکانی میدیا ئێرانییەکان، وەڵامەکەی تاران جەختی لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی کردووەتەوە:

  1. ڕاگرتنی هێرش و تیرۆر: پێویستیی ڕاگرتنی دەستدرێژییەکان و کردەوەکانی تیرۆر کە لەلایەن “دوژمنەوە” ئەنجام دەدرێن.

  2. گەرەنتی دووبارەنەبوونەوە: ڕەخساندنی بارودۆخێکی واقیعی کە دەستەبەری ئەوە بکات جەنگ جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە.

  3. قەرەبووی زیانەکان: زامنکردنی پێدانی قەرەبووی زیانەکانی جەنگ و دیاریکردنی میکانیزمەکەی.

  4. کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان: وەستاندنی شەڕ پێویستە هەموو بەرەکان بگرێتەوە، لە نێویاندا بەرەکانی گرووپەکانی بەرگری (فەسیلەکان)، بۆ دەستەبەرکردنی ڕاگرتنی گشتگیری کردەوە سەربازییەکان.

  5. سەروەریی گەرووی هورمز: داننان بە سەروەریی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا وەک مافێکی سرووشتی و یاسایی.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاشکرایان کردووە کە پێشنیازە ١٥ خاڵییەکەی واشنتن کە لە ڕێگەی پاکستانەوە گەیەندراوەتە تاران، ئەمانەی لەخۆگرتووە:

  • نەهێشتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی بەرز.

  • ڕاگرتنی پڕۆسەی پیتاندن و سنووردارکردنی پڕۆگرامی موشەکی بالیستی.

  • بڕینی هاوکارییە داراییەکان بۆ گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی (CNN)، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی ئەمریکا و ئێران لە وڵاتی پاکستان. بەڵام هەندێک لە چاودێران پێیان وایە ئەو مەرجانەی هەردوولا بۆ یەکتریان داناوە، بە جۆرێک داڕێژراون کە “بۆ ڕەتکردنەوە بن” نەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە