بەغدا ئاماری کۆتایی هەناردە و داهاتی نەوتی مانگی شوباتی ڕاگەیاند.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری کۆتایی هەناردەی نەوتی خاو و داهاتی بەدەستهاتووی بۆ مانگی شوباتی ڕابردوو بڵاوکردەوە، کە بەپێی ئامارەکان داهاتی وڵات لەو مانگەدا شەش ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆتایی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی شوباتدا گەیشتووەتە ٩٩ ملیۆن و ٨٧٢ هەزار و ٢٢٠ بەرمیل.
داهاتی بەدەستهاتوو لە فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتە گەیشتووەتە ٦ ملیار و ٨١٤ ملیۆن و ٥٨٥ هەزار دۆلار، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی بودجەی گشتی و پەرەپێدانی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان هەژمار دەکرێت.
ئامارەکە ئاشکرای کردووە کە زۆرینەی هەناردەکە لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوورەوە بووە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوور: ٩٣,٣٤٩,٤٨٠ بەرمیل.
هەرێمی کوردستان (لە ڕێگەی بەندەری جیهان): ٥,٥٥١,٦١٠ بەرمیل.
کێڵگەی گەیارە: ٩٧١,١٣٠ بەرمیل.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کە بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارانە بە شێوەیەکی مانگانە و ورد، لە چوارچێوەی پرەنسیپی شەفافیەت و ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییانە لە قەبارەی هەناردەکردن و ئەو داهاتانەی کە دەچنە خەزێنەی دەوڵەتەوە.
