کەشناسیك هۆشداری دەدات، قۆناغی بەهێزی شەپۆلەکە دەستیپێکرد؛ مەترسیی لافاو لە ئارادایە.
سیروان ساڵح، شارەزای کەشناسی، هۆشداری دەدات لەوەی کە قۆناغی توند و بەهێزی شەپۆلی بارانبارین دەستیپێکردووە و بڕێکی زۆر لە هەوری چڕ لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بەرەو هەرێمی کوردستان و بەتایبەت دەڤەری گەرمیان لە کشانداین.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەم شارەزایە، تاوەبارانی بەخوڕ لێرە و لەوێ بەردەوامە و سات لەدوای سات مەودا و کاتی تاوەکان زیاتر دەبن. کاریگەریی ئەم شەپۆلە بۆ ئەمشەو گەورەتر دەبێت و مەترسیی ئەوە هەیە ئاستی ئاوی چەم و دۆڵەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە، هاوکات لافاو لە ناوچە نزمەکان و دەوروبەری چەمەکان دروست ببێت.
ئەو کەشناسە پێشبینی بۆ کەش و هەوای ڕۆژانی داهاتووش دەکات و دەڵێت، ڕۆژی هەینی ناوبەناو بارانبارین و هەورەبروسکە بەردەوامی دەبێت، و شەممە و یەکشەممە کەشوهەوا بەرەو جێگیری دەچێت و باران دەوەستێت.
هاوکات ئەم شەپۆلە کۆتایی دێت و لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە، دیسانەوە شەپۆلێکی نوێی بارانبارین ناوچەکە دەگرێتەوە.
