spot_imgspot_img

لەیلا زانا: گیانبەختکردنی پێشمەرگەکان خەمێکی گەورەیە بۆ تەواوی گەلەکەمان

سیاسەتمەداری کورد لەیلا زانا لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا بۆ شەهدیبوونی شەش پێشمەرگەدا ڕایگەیاند، گیانبەختکردنی ئەو پێشمەرگانە خەمێکی گەورەیە نەک تەنیا بۆ ماڵبەتەکانیان، بەڵکوو بۆ تەواوی گەلەکەمان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “سیاسەتمەدار و کەسایەتیی نیشتمانپەروەری کورد و پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا لەیلا زانا ، پەیامێکی هاوخەمی و سەرەخۆشی ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە لە هێرشی مووشەکی ئێرانی”.

لەیلا زانا لە پەیامەکەیدا دەڵێت: “بە خەم و پەژارەیەکی مەزن هەواڵی گیانبەختکردنی شەش پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی 30 پێشمەرگەی دیکەمان بیست. ئەمە خەمێکی گەورەیە نەک تەنیا بۆ ماڵبەتەکانیان، بەڵکوو بۆ تەواوی گەلی ئێمە”.

هەروەها دەڵێت: “سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆمان بە کەسوکاریان و ئێوەی بەڕێز و گشت پێشمەرگە ڕادەگەیەنین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین.
یاد و یادەوەرییان لە دڵی گەلی ئێمەدا دەژی و ڕێگەیان بەردەوام دەبێت”.

لای خۆشیەوە سەرۆکی حکومەت لە وەڵامی پەیامەکەدا، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هاوخەمییەکە، جەختی کردەوە کە شەهیدەکانمان هەمیشە لە دڵی گەلی کوردستاندا زیندوون و ڕێ و ڕێبازەکەشیان بەردەوام و سەرکەوتنیش بۆ گەلی کوردستان دەبێت.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە