شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت گرد و شاخەکان زۆر تێر ئاو بوون و بە هۆی ئەو شەپۆلەی ڕوو لە ناوچەکە دەکات، ئەگەری داڕمانی شاخ و گرد و ڕێگە شاخاوییەکان هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، د.لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی دەربارەی ئەو شەپۆلی بارانەی کە هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە ڕایگەیاند، شەپۆلە سەرەتا لە باشووری عێراق بەهێزە، پاشان بۆ ڕۆژهەڵاتی عێراق و باشووری گەرمیان دەچێت.
ڕوونیشیکردەوە کە دواتر هەورەکان پێچەوانەی میللی کاتژمێر دەسووڕێنەوە و دەگەنە ناوچەکانی باکووری هەولێر و ئینجا بادینان و دهۆک و ڕۆژئاوای عێراق، جارێکی تر دەگەنەوە باشووری گەرمیان و بەغدا و لە کۆتایی لە عێراق دەرەچێ بۆ ئێران.
د.لوقمان موفتی ڕاشیگەیاند، ئەم شەپۆلە بە شێوەی گشتی هەموو شوێنەکان دەگرێتەوە، بەڵام ووردەکاری بۆ نموونە تەزرە لە چ شارێک و لە چ گەڕەکێک ئەدا ئەم جۆرە ووردەکاریە هەتا سعاتێک دووان پێش دروستبوون و گەشتنی گەوارە هەورە گەورەکان نازاندرێ.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم حاڵەتە لە ئێستادا لە چەندین شوێنی سووریا و سعودیە و ئیمارات و تورکیا و ئێران و عومان لافاوی بەهێز و تەزرەی بەهێزی دروست کردووە کە لە هەندێک شوێن بە مەتر تەزرە باریوە و کاریگەرییەکانی تاوەکو سبەینێ هەینی بەردەوام دەبێت.
ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕاشیگەیاند، هیوادارین بەکەمترین زەرەر حاڵەتەکە تەواو بێ هەرچەندە بە داخەوە ئێستا دۆخەکە باش نیە جگە لە بابەتی لافاو، گرد و شاخەکان زۆر تێر ئاو بوون و ئەگەری داڕمانی شاخ و گرد و ڕێگە شاخاوییەکان هەیە بۆیە جگە لەلافاو ئاگاداری داڕمانیش بن.




