spot_imgspot_img

نزیکەی ١٠٠ هاووڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید بوون

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە کە بەپێی ئامارە پشتڕاستکراوەکان تا کۆتاییی ڕۆژی بیست و پێنجەمی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، لانی کەم ٦٥٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٩.٨٪ی ئەوانە پێکهاتوون لە ٦٤٠ هاووڵاتیی سڤیل و پێنج هەزار و ٨٩٠ کەسیش لە هێزە سەربازییەکانی ئێرانن.

بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە مەیدانییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٨ی شوبات) تا ڕۆژی سێشەممە ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٢٤ی ئادار)، لانی کەم لە ١٨٦ شاری ٢٦ پارێزگای ئێران، ناوەندە سەربازی و حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.

ئەم ئامانجانە پێکهاتوون لە بنکەکانی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، سایتە مووشەکییەکان، بنکەکانی پۆلیس، دامەزراوە دادوەرییەکان، ناوەندەکانی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات، سەربازگەکانی سوپا و بارەگاکانی یەکەی تایبەت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هەنگاو کۆکراونەتەوە، تا ئێستا پێنج هەزار و ٨٩٠ سەربازی حکومەتی کوژراون کە زۆربەیان لە هێزی ئاسمانی، سوپای پاسداران و هەروەها سوپا بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین زیانی هێزە سەربازییەکان لە پارێزگاکانی تاران، کرماشان، هورمزگان، ئەلبورز، خوزستان، کوردستان (سنە) و سیستان و بەلووچستان تۆمار کراوە.

هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە پەیڕەوکردنی ڕێکاری «شاردنەوەی سیستماتیک»، لە بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوەکان خۆیان دەپارێزن و لە کاتە دەگمەنەکاندا، ئامارێکی زۆر کەمتر لە ڕاستییە مەیدانییەکان دەخەنە ڕوو.

کوژرانی لانی کەم ٦٤٠ کەسی سڤیل لە ٢٥ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا

هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە زۆرترین ئاماری گیانلەدەستدانی مەدەنی و سڤیل لە پارێزگاکانی تاران، هورمزگان، کرماشان، فارس، ئەلبورز، ئیلام، مەرکەزی و لوڕستان تۆمار کراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تا ئێستا ٦٤٠ کەسی سڤیل لە کاتی ئەم هێرشانەدا کوژراون کە دەکاتە ٩.٨٪ی کۆی قوربانییەکان.

لە کۆی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی کوژراون، هەنگاو کوژرانی ١٣٠ منداڵی خوار ١٨ ساڵ و هەروەها ١٧٣ ژن پشتڕاست دەکاتەوە. میدیا حکومەتییەکان و هەروەها بەرپرسانی فەرمیی ئێران پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە لە قوتابخانەی میناب ١٦٧ منداڵ کوژراون. بەڵام تا ئێستا و دوای تێپەڕبوونی ٢٥ ڕۆژ، تەنیا ناسنامەی ٥٨ کەس لە قوربانییانی ئەم قوتابخانەیە ڕوون بووەتەوە کە ٤٨ کەسیان منداڵ و ١٠ کەسیشیان گەورەساڵن.

هەنگاو چەندین ڕاپۆرتی پێگەیشتووە کە نیشانی دەدەن هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، بە جێهێشتنی بنکە فەرمییەکان، لە شوێنە گشتی و ناسەربازییەکان لەوانە قوتابخانەکان، بەشەناوخۆیییەکانی خوێندکاران و مزگەوتەکان کە لە ناوچە نیشتەجێبوونەکاندان جێگیر بوون. ئەم هەنگاوە، وەک بەکارهێنانی «قەڵغانی مرۆیی» هەژمار دەکرێت و گیانی کەسانی سڤیلی بە توندی خستووەتە مەترسی.

زیانی زۆری هێزە حکومەتییەکان لە کوردستان و شاردنەوەی ئامارەکان

لە ٢٥ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر شوێنە سەربازی و حکومەتییەکان بە توندی ئەنجام دراوە و لە ٣٥ شاری پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ورمێ، لانی کەم ٢٤٢ بنکەی سەربازی و ناوەندی ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتە ئامانج.

بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشانی دەدەن کە لە ماوەی ٢٥ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا لانی کەم ١٥١٠ کەس لە هێزە سەربازی و حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم چوار پارێزگایەدا کوژراون.

هەروەها لانی کەم ٩٨ هاووڵاتیی سڤیل لە کاتی ئەم هێرشانەدا کوژراون کە زۆربەیان لە شارەکانی ورمێ، سنە، دیواندەرە، ئەیوان غەرب، ئیلام، نەغەدە، بۆکان و کرماشان تۆمار کراون.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دامەزراوە ئەمنییەکان لە ڕاگەیاندنی ئاماری وردی کوژراوە سەربازییەکان، بەتایبەت لە شارەکانی کوردستان، خۆ دەپارێزن و ئامارەکە زۆر کەمترە لە ڕاستی بڵاو دەکەنەوە. هەنگاو جەخت لەسەر پێویستیی شەفافیەت لە ڕاگەیاندنی ناسنامەی قوربانییەکان و پاراستنی گیانی کەسانی سڤیل لە ململانێ چەکدارییەکاندا بەپێی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە.

داواکاریی ڕێکخراوی هەنگاو

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە جەختکردنەوە لەسەر بەڵێننامەی ژنێڤ سەبارەت بە پاراستنی کەسانی سڤیل لە کاتی شەڕدا، ڕادەگەیەنێت کە لایەنە شەڕکەرەکان پابەندن بە جیاکردنەوە لە نێوان ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکاندا.

هەنگاو لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە چاودێرەکانی مافی مرۆڤ، داوا دەکات بە گوشار خستنە سەر لایەنەکانی شەڕ و چاودێریی تایبەت لەسەر سیاسەتەکانی شاردنەوەی کۆماری ئیسلامی، میکانیزمەکانی پاراستن بۆ پاراستنی گیانی کەسانی سڤیل دەستبەجێ چالاک بکەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە