لە ئێستاوە هۆشداری بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەدرێت؛ “سبەی دوای نوێژی بەیانی تاوەکوو شەوی هەینی لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت سلێمانی و کەرکوک و گەرمیان ئەگەری بارینی تەزرە زۆر بەهێزە”.
هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند؛ ناتوانین پێشبینی ورد بکەین ئاخۆ قەبارەی تەزرەکە چەندە و بەدیاری کراوی لەچ کاتێکدا دەبارێت، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە سبەی تەزرە دەبارێت.
وتیشی، “بۆیە واباشترە هاووڵاتییان لە ئەمشەو تا سبەی شەو ئۆتۆمبێلەکانیان لە شوێنی سەلامەت و بن کەپڕ ڕابگرن بۆ ئەوەی تووشی زیان نەبن”.
ئەو کەشناسە هۆشداری بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەدات “سبەی ئەگەر زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەوە دەرنەچن و سەردانی چۆم و ڕووبار و شوێنە نزمەکان نەکەن، چونکە ئەگەر دروست بوونی لافاوی بەهێز هەیە بەهۆی دابارینی باران بە شێوەی لێزمە”.
