spot_imgspot_img

لە هەولێر و سلێمانی هۆشداری درا

هاتووچۆی هەولێر و سلێمانی هۆشداریی “توند” دەدەنە شۆفێران: لە ڕێگاوبانەکان دووربکەونەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی کەشناسی، هۆشدارییەکی بەپەلە و گرنگیان ئاراستەی شۆفێران و هاونیشتمانیان کرد سەبارەت بە هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و گۆڕانکاریی لەناکاوی کەشوهەوا کە لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە دەستپێدەکات و تا ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت.

هاتووچۆی هەولێر ئاگاداری سەرجەم شۆفێرانی سنووری پارێزگاکە دەکاتەوە، کە بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی (٢٦ و ٢٧ی ئادار)، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە شەقام و گەڕەکەکانی ناو شار و دەوروبەری هەیە.

جەختیش دەکەنەوە کە لێخوڕین لە ڕێگاکانی دەرەوەی شار سەخت دەبێت، بۆیە داوا دەکەن تەنها بۆ “کاری زۆر پێویست” نەبێت، شەقامەکان بەکارنەهێنن تا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.

لەلایەکی تریشەوە، هاتووچۆی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەکات لەم سێ ڕۆژەدا بە هیچ شێوەیەک ڕێگای ناوچە شاخاوییەکان و سەیرانگاکان بەکارنەهێنن. ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە پێشبینی لێزمەبارانی چڕ، تەرزە و هەورەبروسکە دەکرێت، ئەمەش مەترسییەکانی سەر ڕێگاوبانەکان دوو هێندە دەکات.

بەپێی هەردوو هۆشدارییەکە، ئەگەری بەرزبوونەوەی کتوپڕی ئاستی ئاو لە ناو شار و دەرەوەی شار هەیە، هاوکات نالەباری کەشوهەوا لێخوڕین سەخت دەکات و ئەگەری ڕووداوی نەخوازراو زیاد دەکات، هەربۆیە داوا دەکرێت هاونیشتمانیان لە پرسی گەشت و سەیران بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە بکەن و پابەندی ڕێنماییەکان بن.

بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە سەرجەم پارێزگاکان جەخت دەکەنەوە کە تیمەکانیان لە ئامادەباشیدان و بەردەوام دەبن لە بڵاوکردنەوەی زانیارییە نوێیەکان بۆ پاراستنی سەلامەتیی گشتی.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە