تاران مەرجەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕاگەیاند: “تەنها خۆمان کاتی وەستاندنی شەڕ دیاری دەکەین”.
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی و ئەمنیی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ میدیا فەرمییەکان، وەڵامی وڵاتەکەی بۆ پێشنیازەکانی ئەمریکا سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە کە تاران ڕێگە نادات دۆناڵد ترەمپ کاتی کۆتاییهاتنی جەنگ بسەپێنێت.
بەپێی سەرچاوەکە، ئەمریکا لە ڕێگەی چەند کەناڵێکی دیپلۆماسییەوە داوای دانوستانی کردووە، بەڵام ئێران پێشنیازەکانی بە “زیادەڕۆیی” و “دوور لە ڕاستی پاشەکشەی ئەمریکا لە مەیدانەکەدا” ناوبردووە. تاران پێی وایە ئەم پێشنیازانە تەنها “فێڵێکە بۆ زیاترکردنی گرژییەکان”، هاوشێوەی ئەوەی لە دانوستانەکانی بەهار و زستانی ٢٠٢٥ ڕوویدا.
٥ مەرجە سەرەکییەکەی ئێران بۆ ڕاگرتنی جەنگ:
ئێران وەڵامی نەرێنی داوەتەوە بە میانجیگیرە ناوچەییەکان و ڕایگەیاندووە کە تەنها لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم مەرجانەدا جەنگ ڕادەگرێت:
کۆتاییهێنان بە دەستدرێژی: ڕاگرتنی هەموو جۆرە هێرش و تیرۆرێک لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە.
دەستەبەرکردنی ئاشتی: دروستکردنی بارودۆخێکی عەینی کە ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی جەنگ لە داهاتوودا.
قەرەبووی زیانەکان: دیاریکردنی میکانیزمێکی ڕوون و گەرەنتی کراو بۆ پێدانی قەرەبووی هەموو زیانەکانی جەنگ.
کۆتایی جەنگ لە هەموو بەرەکان: ڕاگرتنی شەڕ دەبێت هەموو ئەو گرووپانەی “بەرگری” بگرێتەوە کە لە ناوچەکەدا بەشدارن لەم نەبردەدا.
سەروەری بەسەر گەرووی هورمز: بەڕەسمی ناساندنی مافی یاسایی ئێران بۆ پیادەکردنی سەروەریی تەواو بەسەر گەرووی هورمزدا، وەک گەرەنتییەک بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لایەنی بەرامبەر.
تاران جەختی کردووەتەوە، کە تا ئەو کاتەی ئەم مەرجانە جێبەجێ نەکرێن، هیچ جۆرە دانوستانێک ئەنجام نادرێت و هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە بەرگری و “وەشاندنی گورزی توند لە دوژمن”. پەیامی کۆتایی ئێران بۆ میانجیگیرەکان ئەوە بووە: “ئێمە کاتێک کۆتایی بە جەنگ دەهێنین کە خۆمان بڕیارمان لەسەر دابێت، نەک ئەو کاتەی ترەمپ بۆی داناوین.”
