ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان و شارەوانی سلێمانی و هاتووچۆ هۆشداریی لە بارینی تەرزە و دروستبوونی لافاو لە ڕۆژانی داهاتوودا داوە. ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرێت سبەینێ لە شوێنی جیاوازدا تەرزە ببارێت و مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە شەقامەکاندا هەبێت.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، کە سبەینێ لە کات و شوێنی جیاوازدا، تەرزە دەبارێت و ئەمەش مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە شەقامەکاندا دروست دەکات.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، کە لە ناوچە دەشتایی و شاخاوییەکاندا هەورەبروسکە دەبێت.
ناوەندەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ڕۆژی هەینییش بارانبارین بەردەوام دەبێت و داوا لە هاووڵاتییان دەکات کە “ئاگاداری سەلامەتیی خۆیان بن”.
لای خۆشیەوە، تیمی فریاگوزاری سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ئاگادارییەک بڵاودەكاتەوە و دەڵێت: بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشوهەواو و بوومەلەرزەزانی هەرێم شەپۆلێکی چڕی باران بارین هەرێمی کوردستان بە گشتیی و پارێزگای سلێمانی بە تایبەت دەگرێتەوە، بۆیە داواکارین لە هاوڵاتییان لە ئەگەری ڕوودانی دۆخی نەخوازراودا پەیوەندی بە سەنتەری فریاگوزاریی خێراوە بکەن بە ژمارە (١٠٠) بەمەبەستی ئاگادارکردنەوەی تیمی فریاگوزاریی و ئێشکگری شارەوانییمان تاوەکو لە کەمترین ماوەدا بەهانایانەوە بچین و گرفتەکانیان بۆ چارەسەر بکەین.
ڕاشیگەیاندووە، نزا دەکەین هەر دڵۆپێکی باران بارین سوود و بەخشندەیی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و هیچ دۆخێکی نەخوازراوی لێنەکەوێتەوە تاوەکو هەموو هاوڵاتییانی خۆشەویستی سنوورەکەمان پارێزراوبن.
هاوكات، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی، ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم شۆفێران و هاووڵاتییان کرد، سەبارەت بە ناجێگیریی دۆخی کەشوهەوا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی چوار شەممە، پێنج شەممە و هەینی، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارینی چڕ و تەرزە ڕوو لە ناوچەکە بکات، کە لە هەندێک شوێن دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو.
هاتووچۆی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەكات “ڕوو لە ناوچە شاخاوییەکان و سەیرانگاکان نەکەن”.
جەخت دەکاتەوە، کە شۆفێران تەنها بۆ کاری زۆر پێویست ئۆتۆمبێل بەکاربهێنن، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی شارەکان.
