کاربەدەستانی پاکستان ئاشکرای دەکەن ئێران پێشنیازێکی 15 خاڵی لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە، بەئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست و کۆتاییهێنان بەشەڕی نێوانیان کە ماوەی چوار هەفتەیە بەردەوامە.
دوو سەرچاوەی پاکستانی بەبێ ئاشکرا کردنی ناوەکانیان دەڵێن، ئێران پێشنیازی ئاگربەستی وەرگرتووە و لە پێشنیازەکەدا هەر یەکە لادانی سزاکان و هاوکاریی ئەتۆمی مەدەنی، پاشەکشە لە بەرنامەی ئەتۆمیی، چاودێرییکردنی لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆم و دەستڕاگەیشتن بە هاتوچۆی کەشتیووانی لە ڕێگەی گەرووی هورمز دەگرێتەوە”.
هەمان سەرچاوە ئاماژەیان بەوەشکردووە، پاکستان، “هاوکار دەبێت لە گواستنەوەی پەیامەکان لە نێوان ئەمریکا و ئێران،” هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە لەوانەیە هەر لەم هەفتەیەدا میوانداری دانوستانەکانی ئاگربەست لە ئیسلام ئاباد بکات.
تا ئێستا ئێران بەفەرمی هیچ شتێکی لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا رانەگەیاندووە. بەرپرسانی تاران جەخت دەکەنەوە، بڕوایان بە بەرپرسانی واشنتن نەماوە بۆ گفتوگۆ، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، “دوو جار لە ماوەی نۆ مانگدا، لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان، هێرشیان کراوەتەوە سەر”.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەکردووە، “ئێمە لەگەڵ کەسانی گونجاو لە ئێران گفتوگۆ دەکەین و ئەوان زۆر بە پەرۆشن بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک،” ترەمپ وتیشی، “تیمی دانوستانکار پێکهاتووە لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە، هەروەها هەردوو نێردراوی تایبەت ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر”.
گرنگترین ئەو داواکاریانەی بۆ ئێران پێشنیاز کراوە چی لەخۆ دەگرێت؟
سەرچاوە تایبەتەکانی پاکستان دەڵێن، پێشنیازەکە تەنیا بۆ ڕاگرتنی هێرشە مووشەکەکان نییە، بەڵکو باسەکە قووڵترە لەوانە:
هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران لە بەرامبەر پاشەکشە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا.
گەڕانەوەی چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ نێو دامەزراوەکان.
زامنکردنی هاتووچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.
بەگوێرەی زانیارییەکان ئیسلام ئاباد ئامادەکاری دەکات تا هەر لەم هەفتەیەدا میوانداریی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بکات.
