spot_imgspot_img

عێراق: مافی خۆمانە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بدەینەوە

عێراق ڕایدەگەیەنێت مافی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی ئەمریکای هەیە کە کرایە سەر حەبانییە و سکاڵایەکیش لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی تۆمار دەکات.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەربارەی بۆردومانەکەی ئەمڕۆی بارەگایەکی سوپا لە حەبانییە ڕایگەیاند، سەرباری هەموو هەوڵە سیاسییەکانی عێراق بۆ دوورخستنەوەی وڵات لەو ململانێیەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، و هاوکات لەگەڵ هەموو ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییانەی حکومەت دەیدات لە پێناو ڕاگرتنی شەڕ و گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئازادی بازرگانی و هاتوچۆ و ئاڵوگۆڕی ئابووریی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بەڵام دەستدرێژییە سەرکۆنەکراوەکان بۆ سەر یەکە سەربازییەکانمان بەردەوامن؛ کە دوایینیان ئەو دەستدرێژییە زاڵمانەیە بوو کە بەیانی ئەمڕۆ کرایە سەر بنکەی تەندروستی سەربازیی حەبانیەی سەر بە وەزارەتی بەرگری، لە تاوانێکدا کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک و برینداربوونی چەندین کەسی تر لە کارمەندانی سوپای عێراق”.

وتیشی: “جەخت دەکەینەوە کە حکومەت و هێزە چەکدارەکان، مافی وەڵامدانەوەیان بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان هەیە بەگوێرەی ئەوەی لە بەڵێننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چەسپێنراوە و لە ئاست پیرۆزی خوێنی شەهیدە قارەمانەکانماندا بێدەنگ نابن”.

ڕاشیگەیاند، “ئێمە لەبەردەم تاوانێکداین کە یاسا نێودەوڵەتییەکان بە هەموو پێناسە و سنووربەندییەکانیان لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتاندا پێشێل دەکات و زیان بەو پەیوەندییە دەگەیەنێت کە گەلانی عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆدەکاتەوە”.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕاشیگەیاند، ” ئەم هەنگاوانە تەنها دەبنە هۆی دروستبوونی سەختی و ئاستەنگی زیاتر لەبەردەم هەوڵەکانی سەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەکەدا”.

وتیشی: محەمەد شیاع سوودانی، “سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕێنمایی داوە بە وەزارەتی دەرەوە بۆ بانگهێشتکردنی کاربەڕێوەبەری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق و ڕادەستکردنی یاداشتێکی ناڕەزایەتی فەرمی و توند کە هەڵوێستی نەگۆڕ و چەسپاوی ئێمە لە پاراستنی سەروەریی عێراق و سەرکۆنەکردنی ئەو ڕەفتارە نابەرپرسانەی کە گەیشتووەتە ئاستی تاوانێکی قێزەون، لەخۆ بگرێت”.

سەباح نوعمان ڕاشیگەیاند، “سکاڵایەکی سەلمێنراو و پشتڕاستکراوە بە بەڵگەنامە و وردەکارییەکان پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، بۆ چەسپاندنی مافی عێراق و مافی گەل و ڕۆڵەکانی لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەدا”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە