spot_imgspot_img

عێراق کوژران و برینداربوونی 21 سەربازی ڕاگەیاند

وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، لە ئاکامی هێرشی ئاسمانییدا بۆ سەر بنکەی تەندروستیی سەربازیی حەبانیيە لە ئەنبار، حه‌وت سەرباز کوژران‌ و 13 سەربازی دیکەش برینداربوون.

وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 9ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بنکەی تەندروستی سەربازیی حەبانیە و بەشی خزمەتگوزاری حەبانیەی سەر بە فەرماندەیی پێگەی حەبانیە لە وەزارەتی بەرگری، کەوتنە بەر هێرشێکی ئاسمانی تاوانکارانە و پاشان بە بۆمبی فڕۆکە بۆردومان کران.

ئەوەشی خستەڕوو کە لە هێرشەکەدا حەوت سەرباز کوژران و 13ی دیکەش بریندار بوون.

وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاند، ئەم بەئامانجگرتنە پێشێلکارییەکی زەق و مەترسیداری سەرجەم یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکانە کە بەئامانجگرتنی دامەزراوە پزیشکییەکان و ستافەکانیان قەدەغە دەکەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئەم تاوانکارییە پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و پێویستە بە توندی هەڵوێستی لەسەر وەربگیرێت و لایەنە بەرپرسەکانی سزا بدرێن؛ چونکە بەئامانجگرتنی ناوەندە پزیشکییەکان بە هەموو پێوەرێک تاوانێکی قێزەونە، بەوپێیەی ئەو دامەزراوانە تایبەتن بە ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان و پێشکەشکردنی چاودێری بە شەڕکەران”.

وەزارەتی بەرگری جەخت دەکاتەوە کە مافی تەواوی هەیە بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێکارە پێویستەکان بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەم دەستدرێژییە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە