spot_imgspot_img

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدات

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق هۆشداری دەدات لە لافاوی چاوەڕوانکراو و داوای گرتنەبەری ڕێکاری خۆپارێزیش دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاند کە دوای شەپۆلی بارانبارینەکەی ئەمدواییە ئاوی ئەمبارکراوی ناو بەنداو و کۆگاکان بەشێوەیەکی باش زیادی کردووە و جەختی لە گرنگی ئەو ئاوەش کردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی وەرزەکانی هاوین و زستانی داهاتوو.

وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو کە پێشبینییە کەشناسییەکان ئاماژە بە ئەگەری بارانبارینی خوڕ دەکەن لە ڕۆژی پێنجشەممەدا کە ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەکدا، بەتایبەتی لە دۆڵەکانی ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق و هەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کە بەوە ناسراون لە وەرزەکانی بارانباریندا ڕووبەڕووی شەپۆلی لافاو دەبنەوە.

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان هۆشداری دایە شوانکارەکان لەوەی لە دۆڵ و ناوچە نزمەکاندا نەمێننەوە، بەهۆی ئەو مەترسییە ڕاستەوخۆیانەی لە کاتی لافاودا دروست دەبن.

هەروەها داوای لە هاووڵاتییان کرد، بەتایبەت ئەوانەی لە نزیك ڕێڕەوی دۆڵ و لافاوەکان نیشتەجێن، کە وریا بن و لە ناوچە مەترسیدارەکان دوور بکەونەوە، و داواشی لە جوتیاران و وەرزێرەکان کرد ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ پاراستنی مەڕوماڵات و داراییەکانیان و جەختی لە پێویستی ئامادەکاری پێشوەختە کردەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری زیانەکان.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە