شەپۆلێكی باران بارینی بەهێز ڕوو دەكاتەوە عێراق و هەرێمی كوردستان و پارێزگاری كەركوك بڕیاریدا دوو ڕۆژی داهاتوو بكاتە پشوو، لەكاتێكدا ئەمڕۆ پشووی جەژنی قوربان كۆتایی هات.
ڕێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك بڕیاریدا ڕۆژانی شوار شەممە و پێنج شەممە لە تەواوی ناوەندەكانی خوێندن بكرێتە پشوو، هاوكات تەنها پێنج شەممە بۆ زانكۆ و پەیمانگاكان پشوو دەبێت.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، بڕیاریدا بە ڕاگرتنی دەوامی فەرمی بۆ سبەی چوارشەممە و ڕۆژی پێنجشەممە لە تەواوی قوتابخانەکانی کەرکوک، کە (باخچەی ساوایان، سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی) دەگرێتەوە، جگە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی کەرکوک.
هەروەها بڕیاردرا بە ڕاگرتنی دەوامی خوێندکارانی زانکۆی کەرکوک، زانکۆی پۆلیتەکنیک و کۆلێژە ئەهلییەکانی (کیتاب، قەڵەم، باباگوڕگوڕ، جەعفەری سادق، و ئیمام ئەعزەم) تەنها بۆ ڕۆژی پێنجشەممە. هاوکات ئیدارەی ئەو زانکۆ و کۆلێژانە سەرپشک کران لە پشوو ڕاگەیاندن بۆ سبەی و ڕۆژانی دواتر، بەو مەرجەی کار نەکاتە سەر خشتەی تاقیکردنەوەکانیان.
بەڕێز پارێزگار جەختی کردەوە کە بڕیاری پشوو پاڵپشت بەو ڕاپۆرتانە دراوە کە لە سەنتەری نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و کەشناسی دەرچوون، کە ئاماژە بە بەردەوامیی بارانی بەخوڕ دەکەن، ئەمەش لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان و خوێندکارە ئازیزەکانمان.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە فەرمانگەکانی پارێزگا و یەکە کارگێڕییەکان، لەگەڵ لیژنەی قەیران و کارەساتەکان، بەردەوام دەبن لە دەوامی فەرمی و لە دۆخی ئامادەباشی تەواودا دەبن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پاڵپشتی بۆ تەواوی هاوڵاتیانی کەرکوک.
