بەهۆی هاتنی شەپۆلێكی نوێی بارانی بەلێزمە و مەترسی دروست بوونی لافاو، پارێزگاری كەركوك سەرجەم دامودەزگاكانی خستە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە.
د. ڕێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، تەواوی ڕێکارە پێویستەکانی خۆپارێزی گیراونەتە بەر و ئاستی ئامادەباشی بۆ بەرزترین پلە بەرز کراوەتەوە.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
پاڵپشت بەو ڕاپۆرتانەی لە سەنتەری نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان دەرچوون، پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە پارێزگاکە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بارودۆخێکی ناجێگیری کەشوهەواوە، کە لەگەڵیدا بارانی خوڕ دەبارێت و لە ڕێکەوتی ٢٦ / ٣ / ٢٠٢٦ دەگاتە ئەوپەڕی؛ ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و زیادبوونی لێشاوی ئاو و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە هەندێک ناوچەدا.
لەم چوارچێوەیەدا، شانەی قەیران و کارەساتەکان لە پارێزگای کەرکوک دووپاتی دەکاتەوە کە تەواوی ڕێکارە پێویستەکانی خۆپارێزی گیراونەتە بەر و ئاستی ئامادەباشی بۆ بەرزترین پلە بەرز کراوەتەوە.
ڕێنمایی دراوە بە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بۆ ئامادەکردنی ئامێر و تیمەکانی فریاگوزاری، تاوەکو بە شێوەی شەونخونی و ٢٤ کاتژمێری کار بکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر بارودۆخێکی کتوپڕدا.
هەروەها شانەی قەیرانەکان داوا لە هاوڵاتیانی بەڕێز دەکات کە لە کاتی بارانباریندا بە هەموو شێوەیەک لە ڕەوتی ڕووبار، ئاوەڕۆ و دۆڵەکان دوور بکەونەوە، و سەرکێشی نەکەن لە بڕینی ئەو ڕێگایانەی کە ئاو دایپۆشیوون. هاوکات داواکارین شوێنی ڕێنماییەکانی لایەنە فەرمییەکان و میدیا حکومییەکان بکەون و لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە ڕاستەوخۆ هەواڵ بدەن دەربارەی هەر بارودۆخێکی کتوپڕ.
