ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئیدانەی هێرشكردنە سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی پێشمەرگە دەكات و وەزیری دارایی عێراق دەڵێت: ڕێکاری پێویست بۆ دۆخی ئێستا گیراوەتەبەر و یەکەی خەرجییەکان گرەنتیکراون لە ناویاندا مووچە.
ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕاگەیەنراوێكی دەربارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەكە بەسەرۆكایەتی سودانی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کورتەیەکی گشتگیری سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی و پەرەسەندنەکانی جەنگ لە ناوچەکە و ئامادەکارییەکانی هێزە ئەمنییەکانمان و هەوڵەکانیان لە بواری چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریدا پێشکەش بە ئەنجومەن کرد.
ئەنجومەنی وەزیران سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لەسەر پێداگری بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق، و پاراستنی دامەزراوەکان و سامانی گشتی و تایبەت، و باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییە پەسەندکراوەکان لە عێراق کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر پاراستن و پەرەپێدانی کاری دەزگا ئەمنییەکان و زیادکردنی کاراییان بەو شێوەیەی کە سەقامگیری ئەمنی لە تەواوی خاکی عێراقدا بەدی بهێنێت.
لە لایەکی ترەوە و لە پرسی دارایی و دراودا، تەیف سامی، وەزیری دارایی کورتەیەکی دەربارەی دۆخی دارایی خستەڕوو، تێیدا جەختی لە تۆکمەیی ڕێکار و ئامادەکاری و یەدەگە بەردەستەكان کردەوە کە لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا دەگونجێن.
ڕاشیگەیاند، کە وەزارەت بودجەی یەکەکان و خەرجییەکانی تری حکومەت و لەنێویشیاندا تەواوی مووچەکانی دابین کردووە.
