سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان “بەتوندی ناڕەزایی” دەردەبڕێت لە هێرشكردنە سەر هێزەكانی پێشمەرگە و ڕایدەگەیەنێت، هیچ کاتێک هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەم جەنگە و دەشڵێت: بە ئامانجگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشێلکردنی سەروەری خاکی عیراق و هەرێمی کوردستانە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان خستووەتەگەڕ تاوەکو بەشێکبین لە دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە لە رێگەی گفتوگۆوە تاوەکو سەقامگیریی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.
دەقی پەیامەكە:
بە توندی ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین بە شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان، پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان لە کەسوکار و بنەماڵە و هاوسەنگەرانی شەهیدەکان دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
بە ئامانجگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشێلکردنی سەروەری خاکی عیراق و هەرێمی کوردستانە و سەرکۆنەی دەکەین. داوا لە حکومەتی عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە هێرشێکی هاوشێوە.
دووپاتی دەکەینەوە هیچ کاتێک هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەم جەنگە، بەڵکو هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان خستووەتەگەڕ تاوەکو بەشێکبین لە دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە لە رێگەی گفتوگۆوە تاوەکو سەقامگیریی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
