spot_imgspot_img

رۆیتەرز: ئێران خاوەن بڕیارە و مەرج بۆ ترەمپ دادەنێت

شاندی باڵای دانوستانكاری ئێران و ئەمریكا لە پایتەختی پاكستان كۆدەبنەوە و مەرجەكانی تاران بۆ واشنتۆن بۆ ڕاگرتنی شەڕ ئاشكرادەكرێت.

ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز) لە زاری سێ سەرچاوەی باڵای ئێرانییەوە، ئەو مەرج و داواکارییانەی ئاشکرا کرد، کە تاران دەیانخاتە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ لە (ئیسلام ئاباد).

بەپێی ئاژانسەكە، چوار مەرجە سەرەکییەکەی ئێران بریتین لە:
​١. گرەنتیی نەبوونی هێرش: ئێران داوای گرەنتییەکی نێودەوڵەتی و فەرمی دەکات کە لە داهاتوودا هیچ هێرشێکی سەربازیی نەکرێتە سەر خاکەکەی.

٢. قەرەبووکردنەوەی زیانەکان: تاران داوای قەرەبووی دارایی دەکات بۆ ئەو زیانانەی لە ئەنجامی سزاکان و هێرشەکانی ئەمدواییە بەر ژێرخانی وڵاتەکەی کەوتوون.

٣. کۆنترۆڵی فەرمی بەسەر گەرووی هورمز: یەکێک لە مەترسیدارترین داواکارییەکان، دانپێدانانی نێودەوڵەتییە بەوەی گەرووی هورمز بە تەواوی لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە.

٤. هێڵی سوور لەسەر مووشەک: ئێران بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە دانوستان لەسەر بەرنامە مووشەکییە بالیستییەکانی بکات و وەک کارتێکی هێز دەیهێڵێتەوە.

شەهباز شەریف، سەرۆك وەزیرانی پاكستان ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ میوانداریكردنی گفتوگۆی نێوان ئەمریكاو ئێران؛ بەمەستی كۆتایهێنان بە جەنگی نێوانیان.

ئەم قسەی سەرۆك وەزیرانی پاكستان دوای ئەوە دێت، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەكانی خۆی بۆ جێبەجێكردنی هێرش بۆسەر وێستگەكانی كارەبا لە ئێران دواخست، بەهۆی ئەوەی وەكو خۆی وتی گفتوگۆی “بنیادنەرانە” لەنێوان واشنتۆن و تاران دەستیپێكردووە.

سەرۆك وەزیرانی پاكستان لە پلاتفۆرمی (X) نوسی: پاكستان پێشوازی دەكات لە هەوڵەكانی ئێستا بۆ بەردەوامیدان بە دیالۆگ لەبارەی كۆتایهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تەواوەتی پشتیوانی ئەو هەوڵانە دەكات.

دوێنێ ترەمپ رایگەیاند، گفتوگۆی باش و زۆر بنیادنەرانە دەستیپێكردووەو بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی گشتگیرو كۆتایی دوژمنایەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە قسەی سەرۆكی ئەمریكا گفتوگۆكان رۆژی یەك شەممە دەستیان پێكردووەو تاوەكو دوێنێ دوو شەممە بەردەوام بوون و ستیڤ ویتكۆف نێردەی ئەمریكاو جارید كوشنەر زاوای ترەمپ بەشداربوون تێیدا.

بەڵام محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رەتیكردەوە هیچ دانوستانێك لەگەڵ ئەمریكا كرابێت، ئەمەش لەكاتێكدا كە بەرپرسێكی ئیسرائیل و هەندێك سەرچاوەی تر باسیان لەوە دەكرد قالیباف نوێنەری ئێرانە لە گفتوگۆكاندا.

لە 28ی شوباتەوە ئەمریكا و ئیسرائیل دەستیان بە هێرشی ئاسمانی كردووە بۆسەر ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی رایانگەیاند، هیچ بەرەوپێشچوونێك لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ تاران سەبارەت بە كۆتایهێنان بە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی رووینەداوە، ئەمە بەتەواوی پێچەوانەی قسەی سوڵتاننشینی عومان بوو كە وەكو نێوەندگیرێكی گفتوگۆكە باسی لەوە دەكرد لە گفتوگۆی تاران و واشنتۆندا بەرەوپێشچوونی بەرچاو روویداوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە