spot_imgspot_img

دەوڵەت باخچەلی: توركیای بێ تیرۆر وەكو ئاوی زەمزەمە؛ کانیاوی ئەبەدی برایەتی نێوان تورک و کوردە

سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوەپەرەستی توركیا ڕایدەگەیەنێت، توركیای بێ تیرۆر وەكو ئاوی زەمزەمە؛ کانیاوی ئەبەدی برایەتی نێوان تورک و کوردە

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوەپەرەستی توركیا (مەهەپە) لە وتارێكدا لەبەردەم فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمان ڕایگەیاند، شەڕی بەردەوامی ئەودیوی سنورەکانمان (مەبەستی جەنگی ئێرانە) دەریخست کە هیچ هێزێکی دوژمنکارانە چانسی سەرکەوتنی نییە بەبێ ئەوەی سەرەتا گەلێک، نەتەوەیەک، لە ناوەوە لەناوببات.

ڕاشیگەیاندووە، ئیسرائیل بووە بە ئامێری مەرگ و رەحم ناكات، تینووی خوێنە، هەر كەسێك لەرێگەیدا بوەستێت دەیكوژێت؛ دەبێت گۆڕانی ڕاستەقینەی ڕژێم، گۆڕانی ڕاستەقینەی حوکمڕانی لە ئیسرائیل ڕووبدات.

وتیشی، “توركیای بێ تیرۆر (مەبەستی پرۆسەی ئاشتییە لەگەڵ كورد) وەكو ئاوی زەمزەمە، كە لە هەموو گۆشەیەكی وڵاتەكەمدا دڵی نیشتمانی ئاودەدات، لەبەرامبەر جوگرافیاو ناوچەكانی دراوسێوە كە كەوتوونەتە ناو ئاگری جەنگەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوانەی گاڵتەیان بە ئامانجی ئێمە کرد کە تورکیایەکی بێ تیرۆرە، ئێستا لە هەموو گۆشەیەکدا خۆیان حەشارداوە.

جەختیشی كردۆتەوە، تورکیایەکی بێ تیرۆر کانیاوی ئەبەدی برایەتی نێوان تورک و کوردە، دەرکەوتنی یەکڕیزییە لە چارەنوس و خەمی هاوبەشدا.. زمانمان یەكە كە زمانی برایەتییە و بۆ هەمیشە بەردەوامە، ئاینمان یەکە، نیشتمانمان یەكە، ئازارەکانمان یەکە، ئامانجمان یەکە، ڕابردوومان یەک، ئایندەمان یەكە، كورد و تورك سیمبولی برایەتییەكن كە جیاناكرێتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە