spot_imgspot_img

جەنگی ئێران و ئەمریکا؛ کاتێک هورمز دەبێتە “خاڵی خنکاندنی” جیهان

لە کاتێکدا جیهان چاوی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە، لێکەوتە ڕاستەقینەکانی جەنگی ئێران سنوورە تەقلیدییەکانی وزەی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە قووڵایی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانە؛ لە نانی سەر سفرەکانەوە تاوەکو دەرمان و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.

١. بازاڕی وزە و دەرەوەی وزە: قەیرانی ماددە دەگمەنەکان

ڕاپۆرتە داراییەکانی بانکی نێودەوڵەتی “UBS” ئاماژە بەوە دەکەن کە پەککەوتنی جووڵەی بازرگانی لە کەنداوی هورمز تەنها هەڕەشە نییە بۆ سەر سوتەمەنی، بەڵکو دەمارە گشتییەکانی پیشەسازیی ئیفلیج کردووە:

  • گازی هیلیۆم: قەتەر کە سێیەکی هیلیۆمی جیهان بەرهەم دەهێنێت، ڕێگەی گواستنەوەی لێ گیراوە. ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر پیشەسازیی ژیریی دەستکرد (AI)، ئامێرەکانی پزیشکی و تەکنەلۆژیای فەزا.
  • کەرتی دەرمانسازی: گواستنەوەی دەرمانە هەستیارەکانی وەک ئەنسۆلین، ڤاکسین و چارەسەرەکانی شێرپەنجە تووشی پچڕان بووە، ئەمەش نرخەکانی گەیاندووەتە ئاستێکی پێوانەیی.

٢. ئاسایشی خۆراک؛ پەیین وەک چەکی فشار

بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی یەک لەسەر سێی پەیینی کشتوکاڵی جیهان کە لە ڕێگەی دەریاوە دەگوازرێتەوە، بە کەنداوی هورمزدا تێدەپەڕێت. داخرانی ئەم ڕێڕەوە و گرانبوونی تێچووی گواستنەوە، وایکردووە نرخی دانەوێڵە لە بازاڕە جیهانییەکاندا ٢٠٪ تا ٣٠٪ بەرزبێتەوە، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی “هەڵاوسانی خۆراک” لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو.

٣. ئیفلیجیی لۆجستی و سێکتەری فڕۆکەوانی

محەممەد سەعید، شارەزای بازاڕە داراییەکان، باس لەوە دەکات کە جیهان لەبەردەم “شەلەلێکی گشتیی لۆجستی”دایە، کۆمپانیاکانی کەشتیوانی ناچار بوون ڕێگەی دەورگێڕی درێژتر بەکاربهێنن، ئەمەش کاتی گەیشتنی کاڵاکانی دوو هێندە کردووە.

لە لایەکی تریشەوە، کەرتی فڕۆکەوانی دوایین گورزی بەرکەوتووە؛ بەهۆی داخرانی ئاسمانی ناوچەکە، دەیان هەزار گەشت هەڵوەشێنراونەتەوە و تێچووی دڵنیایی (تەئمین) بۆ ئاستێکی خەیاڵی بەرزبووەتەوە.

٤. هورمز بە زمانی ژمارەکان

گرنگیی ئەم ناوچەیە لەم داتایانەی خوارەوەدا کورت دەبێتەوە کە “ئۆنکتاد” بڵاویکردوونەتەوە:

  • ٣٨٪ی نەوتی خاوی گواستراوەی جیهان.
  • ٢٩٪ی گازی شلی پترۆڵی (LPG).
  • ١٩٪ی گازی سروشتی شل (LNG).
  • ١٣٪ی ماددە کیمیاییەکان و پەیین.

دەرەنجام: بەرەو داڕمانێکی قووڵ

محەممەد ئەلخەفاجی، شارەزای ئابووری، هۆشداری دەدات کە ئەمە تەنها قەیرانێکی کاتی نییە، بەڵکو “تاقیکردنەوەی خۆڕاگریی سیستەمی بازرگانی جیهانییە”. بەردەوامیی ئەم دۆخە نەک هەر کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و مۆبایل دەبێت، بەڵکو ئابووری جیهان بەرەو داڕمانێکی قووڵ دەبات کە تێچووەکەی تەنها هاووڵاتیانی سادە دەیدەن.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە