spot_imgspot_img

(چاوەڕوانی…. مووچەو ڕاوەستانی شەڕ) وەک ئامڕازێکی کۆیلەبوون

د. ئیبراهیم حاجی زەڵمی

چاوەڕوانی:​ بریتییە لەو ماوە یان دۆخە دەروونییەی کە تێیدا مرۆڤ لەنێوان “ئێستا” و “داهاتوودا” دەژی. جۆرێکە لە وەستان بۆ ڕوودانی شتێک، گەیشتنی کەسێک، یان بەدیهاتنی ئامانجێک. لە ڕووی زانستییەوە، تێکەڵەیەکە لە ئومێد و دڵەڕاوکێ یاخود بڵێین (گەشبینی  و ڕەشبینی).

چاوەڕوانی، مەرج نیە تەنها دۆخێک بێت لە کات و تەمەن کە ڕوانین و ڕامان لەسەر کاتی ئێستای مرۆڤ هەڵدەگرێت، یان بوترێت کوشتنی ئێستای مرۆڤ. ​بە مانایەکی تر چاوەڕوانی تەنیا کات کوشتن نییە، بەڵکو لە ناوەوەی مرۆڤدا ئەم شوێنانە داگیردەکات، لەوانە؛ ​کایەی خەیاڵ و پەرۆشی، بەوەی بەشێکی گەورەی “خەیاڵدان” داگیردەکات، چونکە تیایدا بیر بە پاڵپشتی هوشیاری، دەستدەکات بە وێناکردنی ئەنجامەکان، کە وای لێدەکات یان لە لووتکەی خۆشیدا بێت یان لە قووڵایی ترسدا، یان لەڕاڕاییەکی پێشبینیە چوارچێوە نەگیراوەکاندا، مرۆڤەکە بتلێنێتەوە.

لەم پێناسەوە دەمەوێت بچمە سەر ئەودۆخەی(چاوەڕوانی) کە جیهان تێیکەوتوە، بەتایبەت گەلانی ناوچەکە بە کوردەواریشەوە،  کە ئایا شەڕی (ئەمریکاو ئیسرائیل/ ئێران) دەوەستێت و بە کۆتا دەگات، یان بەردەوام دەبێت و ئەنجامە نەخوازراوەکانی جیهان خەریک دەکات بەخۆیەوە، پاشان تەماشەیەکی کوردەواری خۆمان بکەم،  (چاوەڕوانی…. مووچەو ڕاوەستانی شەڕ) وەک ئامڕازێکی کۆیلەبوون باس بکەم، بە سێ خاڵ، بیخەمە بەرگەنگەشە:

یەکەم: چاوەڕوانی و پرسی بوون

چاوەڕوانی وەک یەکێکە لە قووڵترین کێشە کانی بوونی مرۆڤ هەژمارە، چونکە مرۆڤ تەنیا بوونەوەرە کە لەناو “زەمەن”دا دەژی، هەمیشەش هەوڵ دەدات لەو چرکەساتە ڕابکات کە تێیدابێت.  ​ ئەم دژایەتییە (پارادۆکسە) دەکرێت لە ڕەهەندی فەلسەفیی جیاوازەوە سەیری بکرێت:

ا/  مرۆڤ پڕۆژەیەکی تەواونەبووە (سارتەر و هیگڵ).

​ ژان پۆڵ سارتەر پێی وابوو مرۆڤ “ئەو شتەیە کە هێشتا نەبووە”. جیاواز لە بەردێک یان دارێک کە تەنیا “هەن”، مرۆڤ هەمیشە لە پرۆسەی “بوون”دایە. ئێمە لە ئێستادا هەست بە ناتەواوی دەکەین، بۆیە چاوەڕوانی دواڕۆژ دەکەین تا وێنە تەواوەکەی خۆمان بدۆزینەوە. چاوەڕوانی لێرەدا دەبێتە بزوێنەری ژیان؛ ئەگەر چاوەڕوانی نەبێت، گەشە دەوەستێت.

ب/ تەڵەی ئارەزوو (شۆپنهاوەر) ​

ئارسەر شۆپنهاوەر دەڵێت ژیانی مرۆڤ لە نێوان “ئازار” و “بێزاری”دا دێت و دەچێت، کە شتێکی ویست، لە ئازاری چاوەڕوانیدایە بۆی،​ کە بەدەستیشی دەهێنێت، زوو بێزار دەبێت لێی،  بۆیە هەمیشە چاوەڕوانی شتێکی نوێ دەکاتس، چونکە “مانەوە لە ئێستادا” بۆ مرۆڤێکی بێ ئامانج یەکسانە بە بێزارییەکی کوشندە.

ج/ ئومێد وەک بزوێنەری مانەوە ​لە ڕوانگەی ئیکزیستانسیالیزمەوە، ژیان بێمانایە مەگەر ئەوەی مرۆڤەکان خۆیان مانای بۆ دابتاشن. چاوەڕوانی (بۆ باشتربوون، بۆ گەیشتن، بۆ عەشق) ئەو مانایەیە کە وادەکات  مرۆڤەکان”ئێستا”یەکی سەخت تەحەممول بکەن. مرۆڤ تەنیا بە نان ناژی، بەو “پێشبینییە” دەژی کە سبەینێ شتێکی جیاواز ڕوودەدات.

دووەم: چاوەڕوانی و خەونی تاکی کوردی

چیخۆفی دەیوت: مرۆڤ وا ڕاهاتووە “ئێستا” وەک قۆناغێکی کاتی و تێپەڕ ببینێت بۆ گەیشتن بە بەختەوەرییەک کە هێشتا تامی نەکردووە، ​ زۆر جار لە زمانی کارەکتەری چیرۆکەکانیەوە دەڵێت؛ کە ڕەنگە ئێمە ئێستا تەنیا ئازار بچێژین و ژیانمان بێ مانا بێت، بەڵام “دوای دووسەد یان سێسەد ساڵ، مرۆڤایەتی بەختەوەر دەبێت”. ئەمە جۆرێکە لە چاوەڕوانیی قوربانیدەرانە، لای چیخۆف، مرۆڤی ئێستا وەک “پردێک” وایە بۆ داهاتوو؛ ئەو چاوەڕوانییە نەک هەر ئارەزووە، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقیە لەلای ئەوانەی ئارامدەگرن لە پێناو ئەوانی ترو داهاتووی مرۆڤەکانی تردا.

بۆ مرۆڤی کورد، چاوەڕوانی تەنها بۆ باشتربوونی بژێوی نییە، بەڵکو دیاردەیەک بوە لەگەڵیدا لەمێژە دەژی، چونکە سەردەمانێک خەونی بەوەوە دەبینی کە کوردەواری چەترێکی بەڕێوەبردنی هەبێت و خۆیخۆی بەڕێوەببات، چاوەڕوانی وەهابوو لێێ کە دەیگەیێنێتە بەختەوەری و ژیان و شکۆی پارێزراوە، مخابن لە ئێستاشدا لەم دۆخی شەرەدا، بەوپێیەی هەمیشە دۆڕاوی یەکەمی نێوشەڕەکانی ناوچەکەبووە، ( هەر لە ئەمەوی و عەباسی و سەفەوی و عوسمانی تابگاتە شەری جیهانی یەکەم و بەرهەمەکەی بۆ ئەو سایکس پیکۆ بوو!) لە دڵەڕاوکێدایە، لەوەی کە دووچاری چاوەڕوانییەکە کە “تەقینەوە” یان “دەرەنجامێکی ناڕوون” لە ناوچەکە بێتە ئاراوە، کورد واتەنی( ئەوەشی هەیەتی بیخاتە بانی!!). دیارە ئەم جۆرە چاوەڕوانییە دەروون ماندوو دەکات، چونکە مرۆڤ ناتوانێت پلانی درێژخایەن دابنێت. هوشیاری لەوەی”نازانین چی ڕوودەدات” دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ هەمیشە لە دۆخی شڵەژان و نائارامیدا بێت

پاشان لەم کاتی قەیران و ​لەم کاتی شەڕ و ناسەقامگیریەدا، مەترسی لەوەدایە کە خەونەکانی لە “گەشەپێدانی خود”ەوە بگۆڕێن بۆ “ڕاکردن و ڕزگاربوون”، کەچی خەریکی کۆکردنەوەی ئومێدە پەراگەندەکانیەتی، بەوەی شەڕەکە دەرەنجامێکی وەهای هەبێت قۆناغێک بەرەو باشتربونی دۆخی ببات،  لەگەڵ ئەوەی کە دەسەبژێرە ڕاستگۆکەی گەیشتوە بەو ڕاستییەی کە تەنها بە ڕۆیشتن و نەمانی دەسەڵاتدارانێک، یان گۆڕانکارییەکی سیاسی هەموو کێشە کان چارەسەر نابن؛ ئەمە تەڵەکەیە، چونکە کێشە پەنگخواردوەکانی کوردەواری، وەک ترسی نادیار و ناسەقامگیریی ناوەکی و خواستی سەردەستەکان و ….، بە گۆڕینی هەندێک جەمسەریش هەر دەمێننەوە.

سێیەم: جەنگی ئێستا و چاوەڕوانی وەک ئامڕازێکی کۆیلەکردن

کاتێک چاوەڕوانیی جەنگ هەموو فەزایەکی داگیرکرد، ترس لە مردن و کاولی وزایەچوون، ئەندێشەی تێوەگلاوانی شەڕ داگیردەکات، ئەوکات مرۆڤ ناتوانێت لە “ئێستا”دا بەرهەمهێن یان بەختەوەر بێت، چونکە ژیان دەبێتە “وەستانێکی کاتی. ئیتر چاوەڕوانی لە ئامڕازێکی دەستی تاکەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆسەرووی تاکو دەزگاکان، ئیتر چاوەڕوانی وەک لایەنێکی نەرێنی خۆی نمایشدەکات. ئاخر بە دیدی ئارسەر شۆپنهاوەر، هەرگیز چاوەڕوانی لە سەر ئاستی تاکیش بەریئو بێ خەوش نیە، بەڵکو مرۆڤ دەخاتە نێو کۆیلایەتییەکی شاراوەی ئارەزووە کانیەوە، بەوەی ئەمڕۆی دەخاتە نێو ئازارەوە بۆ سبەی، کەلەو سبەیەدا ئارەزووەکانی بەدیبێت!، لێرەوە بەرگەگرتنی مرۆڤ بۆ ئازارەکانی ئەمڕۆی بە ناوی (ئارامگرتن/صبر) ئەو تەڵەی ئارەزوانەیە کە ئەمڕۆی بۆ دەکاتە قوربانی کە وادەزانێت بەختەوەری لە سبەینێدایە، دیارە چاوەڕوانی کاتێک وەک ئامڕازێک لەلایەن دەزگاگەورەکانەوە دەبەشرێتەوە ئیتر کۆیلەبوون دەرەنجامییەتی. ئەمڕۆ جەنگ لە هەردوو جەمسەرەکەدا (ئایینی و ئایدۆلۆژی)، چاوەڕوانییەکە ڕەهەندێکی پیرۆزی هەیە،  ​لایەنێک چاوەڕوانی “سەرکەوتنی کۆتایی” و نەمانی ئەوی تر دەکات. ​لایەنەکەی تر چاوەڕوانی “سەقامگیری و دیموکراسییەک” دەکات کە هەمیشە بەڵێنی پێ دەدرێت، بەڵام نایەت.  ئەمە ڕێک وەک چاوەڕوانی “مۆسکۆ”کەی چیخۆف وایە؛ شوێنێکی خەیاڵیە کە هەموو کێشەکانی تێدا چارەسەر دەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا ئامرازێکە بۆ ئەوەی خەڵک لە “ئێستا”دا ناڕەزایی دەرنەبڕن و بەو ئومێدە کاتییە بژین. لەکاتی شەڕدا بەم تێگەیشتنە چاوەڕوانی تەنها ئومێد نییە، بەڵکو باوەشکردنە بەڕەزامەندییەکی تاڵدا وئەویش وەک کۆنترۆڵکارێک ئیرادەی مرۆڤ سنورداردەکات.

لێرەوە گەر تەماشەی دۆخی کوردەواری خۆمان بکەین لە هەرێمی کوردستان، دەبینین چەند چوان دەزگا جۆراوجۆرە باڵادەستەکان و  ڕاگەیاندنەکان بەم کۆنترۆڵە لەسەرخۆیە،(چاوەڕوانیی مووچە، چاوەڕوانیی ئاشتی، چاوەڕوانیی جەنگ و دەرەنجامی جەنگ!)، خەریکن “ئێستا”ی تاکی کوردەواری زەوتدەکەن، وایکردوە کە تاکی کوردی زۆرقورس بیر لە گەشەی خۆی بکاتەوە، یان نەکاتەوە، بەڵکو تەنیا چاوەڕێی بڕیاری “سەروو خۆی بێت!! بەمەش تاکی کوردی ئاسان بە جۆرێک لەجۆرەکان بووەتە کۆیلەیەکی مەعقوول.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە