سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هێرشەکەی ئێران بۆ سەر پێشمەرگە دەستدرێژییەکی دوژمنکارانەیە و بە توندی ئیدانەی دەکەین و داواش لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەوڵەکان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە.
ئەمڕۆ سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئەمڕۆی ئێران و شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی؛
بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییەى ئێران دەکەین کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی لە سنووری سۆران بە ئامانج گرت و لە ئەنجامدا ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان شەهید و بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەین و هاوخەمیانین، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین.
هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری بووە. ئێمە پابەندین بە سیاسەتی تێوەنەگلان و دوورکەوتنەوە لە ململانێکان، بە هیچ شێوەیەکیش هەڕەشە نین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ. بۆيه ئەم هێرشە، دەستدرێژییەکی دوژمنکارانەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی وڵات و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە.
داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەوڵەکان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.
