spot_imgspot_img

دەربارەی هاوردەکردنی تەماتە بڕیار درا

وەزارەتی کشتوکاڵ ڕاگەیاند؛ بۆ ماوەی مانگێک ڕێگە بە هاوردەکردنی تەماتە دەدات و جەختیشی کردەوە کە ڕووداوەکانی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر کەرتی کشتوکاڵ نەبووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، مەهدی جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند: “نرخی بەرهەمەکانی کەرتی کشتوکاڵ سەقامگیرە، ئەوەش بەهۆی زۆریی بەرهەمی ناوخۆیی لە زۆربەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا، تەنها تەماتە نەبێت کە ئێستا لە قۆناغی سەرەتای بەرهەمی وەرزی بەهاردایە، و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەرهەمی ناوخۆیی زۆر دەبێت.”

ئاماژەی بەوەش کرد، “وەزارەت تەنها بۆ ماوەی یەک مانگ ڕێگە بە هاوردەکردنی تەماتە دەدات بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە کاتییەی لە بازاڕدا هەیە، بەو مەرجەی هەر کاتێک بەرهەمی ناوخۆیی بە بڕی پێویست بەردەست بوو، هاوردەکردنەکە ڕابگیرێتەوە.”

ڕوونیشیکردەوە کە، “بارودۆخی ئەمنی و ڕووداوەکانی ئێستای ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر کەرتی کشتوکاڵ یان جوڵەی بەرهەمهێنان و ساغکردنوەی بەرهەم لە ناوخۆی عێراقدا نەبووە.”

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە زیادبوونی قەبارەی بەرهەمی ناوخۆیی دەرەنجامی پشتبەستنی جوتیارانە بە پاکێجێکی کشتوکاڵیی گشتگیر، لە ئامادەکردنی زەوییەکان و بەکارهێنانی خانووی پلاستیکی لە وەرزی زستاندا، تا دەگاتە جێبەجێکردنی تەکنیکی نوێی ئاودێری وەک (دڵۆپاندن)، جگە لە بەکارهێنانی تۆوی باشکراو کە بەرهەمی زۆرە و بەرگەی وشکەساڵی و سوێری دەگرێت.

وتیشی: “ئەم ڕێکارانە بوونەتە هۆی بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی گەورە لە کەرتی کشتوکاڵدا و لە ڕۆژانی داهاتوودا هاوکار دەبن لە پاراستنی سەقامگیریی نرخەکان لەگەڵ بەردەوامیی ڕژانی بەرهەمە ناوخۆییەکان بۆ ناو بازاڕەکان.”

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە