spot_imgspot_img

دارایی عێراق: دەستمان بە ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی سێ کرد

وەزارەتی دارایی عێراق، ئه‌مڕۆ سێشەممە، ڕایگەیاند کە بەشی ژمێریاری لە وەزارەتەکە دەستی بە ڕێکارە فەرمییەکانی پارەدارکردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی دەوڵەت و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە سەرجەم یەکەکانی خەرجکردن لە وەزارەتەکان، پارێزگاکان و ئەو لایەنانەی بەستراونەتەوە بە وەزارەتەکان کردووە، کە بە مەبەستی تەواوکردنی پێداویستییە داراییەکان و وردەکارییەکانی پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەر و کارمەندەکانیان، سەردانی بەشی ژمێریاری بکەن.

وەزارەتی دارایی جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوونی تەواوی یەکەکانی خەرجکردن کردووەتەوە بە خشتەی پارەدارکردنی مانگانەی پەسەندکراو، هاوکات داواشی کردووە کە هەموو پابەندییە بودجەییە پێویستەکان بەپێی ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە بەبێ گرفت بەڕێوەبچێت.

ئەمە لەکاتێکدایە پشووی فەرمی لە هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنەوە تا 29ی ئەم مانگە بەردەوامە و تا ئێستا لیستی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانەی بەغداد نەکراوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە