د. محەمەد شوانی
ئەمە ڕەشبینی نیەو پەیوەندی بە باری دەرونی و ڕەوشی ئابوری و کۆمەلایەتی خۆمەوە نیە، بەڵکو بە وردبوونەوە لە مێژووی ناوچەکەو چۆنیەتی پێکهاتەی قەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و سروشتی هێزە ململانێکەرەکاندا، دەتوانین بلێین ، بە لایەنی کەمەوە تا سەد ساڵی دیکە خەونی ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست نایەتەدی ،ئاشتی خەونەو تەنیا دە ساڵ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ئارام و جێگیر نابێت ، بە پێچەوانەوە شەڕ لە نێوان دوو یان سێ قەوارەی ناوچەکە یان لە نێوان پێکهاتەکانی خودی یەک قەواەری ناوچەکە بەردەوام دەبێت .
لە ماوەی (١١٠)سەد و دە ساڵی ڕابردوودا ، یەک ڕۆژ ئەم ڕۆژهەلاتی ناوەراستە ئارام نەبووە، هیچ بیست وچوار کاتژمێرێک نەبووە ،یەک تەقەی لێ نەکرێ و کەسێک نەکوژرێت ..
هیچ هەفتەیەک نەبووە فرۆکە شوێنێک بۆردومان نەکا ، یان گروپێک پەلاماری گروپێک نەدا ..
هیچ مانگێک نەبووە، چەند بارهەڵگرێک چەک و تەقەمەنی لە ئەمریکا يان ئەوروپا يان ڕووسیاوە نەگاتە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ..
هیچ سالێک نەبووە سەرکردەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لێدوان دژی یەکتری یان خۆئامادەکردن دژی یەکتری یان پەلاماری یەکتری یان هێرش بۆ سەر هەندێگ لە پێکهاتەکانی خۆیان نەبەن و سەرکوت یان جیتۆسایدیان نەکەن..
هیچ دە ساڵێک نەبووە کودەتای سەربازی یان زەبروزەنگ بەکار نەهاتێت بۆ گۆرینی دەسەڵات لە یەکێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا ..
ئەم پنتە جوگرافیەی ڕۆژئاوای ئاسیا و باکوری ئەفریقیا کە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ناسراوە پڕ کێشەترین ناوچەی سەر گۆی زەوی بووە لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوودا ، کە کێشەکانی بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.
شەڕی جیهانی یەکەم و شۆڕشەکەی شێخ مەحمود و ڕووبەرووبوونەوەی ئینگلیزەکان و سمکۆی شکاک و شێخ سەعیدی پیران نزیکەی دوو دەیەی خایاند ، دوواتر ڕاپەرینی بارزانیەکان و خۆپیشاندانی بەردەرکی سەرای سلێمانی و شۆرشی سەید ڕەزای دەرسیمی لە باکور و دەستپێکردنی جەنگی جیهانی دووەم لە سیەکاندا، کودەتای ڕەشید عالی گەیلانی و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و وەتبەی کانونی بەغداو شەڕی عەرەب ئیسرائیل لە چلەکان و کودەتا سەربازیەکانی میسرو سوریا و عێراق و ئێران لە پەنجاکان و دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلول و کودەتا یەک لە دووای یەکەکانی عێراق و سوریا و بەردەوامی کیشەی فەلەستین و هێرشەکانی وڵاتانی عەربی لە شەستەکان و شەڕی ناوخۆی لوبنان و یەمەن و عێراق و ئێران لە حەفتاکان و شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق ئێران و شەڕی کورد لەگەڵ داگیرکەرانی عێراق و ئێران و تورکیا لە هەشتاکان و داگیرکردنی کوەیت و شەڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی عێراق و کۆڕەوی کورد و بەردەوامی شەڕی کورد و تورکیا و ئیسرائیل و باشوری لوبنان لە نەوەدەکان و هێڕشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و ڕووخاندنی دەسەلاتی سەدام و شەڕی ناوخۆ لە ناوەراست و باشوری عێراق لەسەرەتای هەزاری سێیەم ، بەهاری وڵاتانی عەرەبی و ڕووخانی دەسەڵات و حکومەتەکانی میسرو لیبیا و یەمەن و بەردەوامی شەڕی ناوخۆ لە نێوان گروپە پێکهێنەرەکانی ئەم وڵاتانەو سەرهەڵدانی گروپی توندرەوی وەکو داعش لە دەیەی دووەمی هەزارەی سێیەم ، ئیستاش لە بیستەکانی ئەم سەدەیەدا لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی سەربازی و پەیدابوونی درۆن و هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر نەیارەکانیان لە لوبنان و سوریا و عێراق و ئیران بەردەوامی هەیە و سەختە ئاکام و کۆتاییەکانی پیشبینی بکرێت و ئومێدی ڕاوەستانی لێ ناکرێت ..
لە خوێندنەوەو وردبوونەوە لەم پانۆرامایەی شەڕ و پێکدادانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا ، دەبینین کۆڵکەی هاوبەش بریتیە لە پرسی کورد (واتە شەڕی کورد دژی داگیرکەرانی کوردستان) و کێشەی عەرەب ئیسرائیل و توندرەوی دینی و مەزهەبی و نەتەوەیی لە م ناوچەیەدا ، بە دڵنیاییەوە ئاسۆی چارەسەری هیچ یەکێک لەم کێشانەش ڕوون نیەو ئومێدی چارەسەری نزیکیان لێ ناکرێت .
نا ئارامی و هۆکارەکان و شوێنەوارەکانی جەنگ لەم ناوچەیە لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵدا، شایانی لەسەر ڕاوەستان و بیرکردنەوەو توێژینەوە لەسەر کردنە ، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە ئەقڵیەت و جیهانبینی خەڵکی ناوچەکەوە هەیە ، بۆ ئەوەی لە هۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەم شەڕە درێژخایەنە تێبگەین ،کە هێشتا کۆتا شەڕ کە شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکایە دژی ئێران کۆتایی نەهاتووە، نەک هەر بەم نزیکانەش کۆتایی نایەت و ئەگەری بەردەوامی هەیە ، بەڵکو ئەگەری زنجیرەیەک شەڕی دیکە لە نێوان پێکهاتەکان یان لە نێزان ڕەوت و باڵ و حیزبە سیاسەیەکانی هەر پێکهاتەیەک لە دووای ئەم شەڕە زۆر بەهێزە .
جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەمیشە بووەتە مایەی وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری و سیمای شارستانی ناوچەکەو گیان لە دەستدانی ملیۆنان خەڵک و بێ بەشبوون لە تاموچێژی ژیان بە گشتی .
ئەوروپا لە دووای جەنگی جیهانی دووەمەوە ، ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ جیاوازیەکانیدا کردو جگە لە شەری ناوخۆیی یۆنان و بزوتنەوە چەکداریەکەی ئێرلەندای باکوور ، هەتا هەڵوەشانەوەی یەکێتی سوفیەت و ئازادبوونی بەشە ڕۆژهەڵاتەکەی ئەوروپا وجیابوونەوەی وڵاتانی بەڵکان ،کە ئەویش تا ڕادەیەک لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەر کرا ،ئیتر ئەوروپا ئارام بووە، جێگای ئەوە بووە چاوی لێ بکرێت ، پەناگەیەکیش بووە بۆ پەناهەندەو کۆچبەران ، بە پێچەوانەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە ،ساڵ لە دووای ساڵ شەڕەکانی توندتر و زیانەکان زیاترو وێرانیەکان کاریگەرتر بوون .
هۆکارەکانی جەنگی جیهانی یەکەم چیی بوون؟ دوواتر ،راگەیاندنی شەڕ دژی دەوڵەتی عوسمانی و لەشکرکێشی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە پاساوی چیی بوو؟ دروستکردنی دەیان دەوڵەت و میرنشین و شێخنشینی بچوک لە ژێر ئینتدابی براوەکانی جەنگدا بە مەبەستی چیی بوو؟ بۆچیی نەتەوەی کورد بێ دەوڵەت مایەوەو دابەشکرا بەسەر قەوارە بچوکە دروستکراوەکانی ناوچەکەدا؟ لە کاتێکدا کورد بە ژمارە و بە ڕووبەری خاکیش لە زۆربەی ئەو قەوارە دروستکراوانە زیاتر و فراوانتر بوو!
دووای شەڕی جیهانی یەکەم و هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی و دروستبوونی قەوارە عەرەبیەکان لە ژێر ئینتدابی بەریتانی و فەرەنسی خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بوو، کە نزیکەی چوار سەد ساڵ بوو دەوڵەتی عوسمانی وەکو زلهێزێکی هەرێمی و نێودىوڵەتی ئەو قۆناغە هەژموونی سیاسی و سەربازی و ئابووری هەبوو، جۆرێک لە جێگیری دروستکردبوو، پێکهاتەی مرۆیی قەوارە دروستبووەکان لە ڕووی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی و سنوری جوگرافی و دابەشبوونی سامانی سروشتی ئەم قەوارانە هۆکارێک بوون بۆ نا ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ، چونکە پێشتر ،یەکێک لە سیماکانی ئەم ناوچەیە فرەیی کلتوری بوو ، بە تایبەت دووای سەرکەوتنی شۆرشی بەلشەفیک و دروستبوونی یەکێتی سوفیەت لە ڕوسیا ، ڕابەرایەتی کردنی بلۆکی سوشیالیستی بەرامبەر سەرمایەداری ڕۆژئاوا، هاندانی گەلانی ناوچەکە بۆ شۆرش و ڕاپەرین دژی ئینتدابی بەریتانیا و فەرەنسا لە ڕێگای کودەتای سەربازی ،یان دروستبوونی ڕەوتی توندرەوی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی خۆ خزاندنە ناو سوپای ئەم وڵاتانە وەکو ئەو کودەتایانەی لە میسر و سوریا و لوبنان و عێراق و یەمەن و لیبیا ڕوویاندا، دوواتر دروستبوونی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لەم وڵاتانە ،هەوڵدانیان بۆ تواندنەوەی جیاوازیەکان و سەپاندنی یەک زمان و یەک ئاین و یەک مەزهەب لە چوارچێوەی قەوارەکانایاندا ، کە بوونە مایەی بەرپابوونی زنجیریەک شەڕو ململانێی دوواتر و بە پاشکەوتوویی مانەوەی کۆمەڵگاکانیان، ئەمەش زەمینەی کۆتایی نەهاتنی شەڕی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست خۆش کردووە ، شەڕ لە دووای شەڕ دەبێتە بەشێک لە چارەنوسی خەڵکی ئەم ناوچەیە..
