spot_imgspot_img

هێرشە ئاسمانییەکان بەغدا و بابلی گرتەوە

عێراق لەنێوان بەرداشی ئەمریکا و ئێران؛ هێرشە ئاسمانییەکان بەغدا و بابلی گرتەوە.

لەگەڵ تەسەکبوونی شەڕی نێوان بەرەی (ئەمریکا-ئیسرائیل) و (کۆماری ئیسلامی ئێران)، خاکی عێراق بە فەرمی بووەتە یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی ئەو ململانێیە. لە ئێوارەی ئەمڕۆوە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و بۆردوومانی دوولایەنە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتی گرتووەتەوە.

لە دوو هێرشی جیاوازدا، بنکەی ڤیکتۆریای سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانان و بارەگای دەزگای دژە تیرۆری عێراق لەناو سنووری فڕۆکەخانەی بەغدا کرانە ئامانج. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان دوو ئەندامی دژە تیرۆری عێراق بریندار بوون، و زیانی ماددی بەر هەردوو بنکەکە کەوتووە.

لە وەڵامی هێرشەکانی گرووپەکانی ناسراو بە “بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی”، هێزەکانی ئەمریکا بۆردوومانی چڕی پێگەکانی حەشدی شەعبیان لە ناوچەی ستراتیژی جرف سەخەر لە پارێزگای بابل کرد. تاوەکو ئێستا قەبارەی وردی زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەو هێرشە ڕانەگەیەندراوە.

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق ئێستا ڕووبەڕووی دۆخێکی نائاسایی بووەتەوە؛ لەلایەک ئەمریکا پێگەکانی حەشد بۆردوومان دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە گرووپەکانی نزیک لە ئێران بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناو خاکی عێراق دەکەنە ئامانج، ئەمەش وڵاتەکەی خستووەتە ناو لێواری جەنگێکی فراوانترەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە