واشنتن: گەورەترین ئۆپەراسیۆنە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە؛ ٨ هەزار ئامانجی سەربازیی ئێران پێکراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٢ی ئاداری ٢٠٢٦)، ڕایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی شکستێکی کەمەرشکێن و کوشندەی بەسەر ڕژێمی ئێراندا هێناوە.
کارۆلین لیڤێت، یاریدەدەری سەرۆک و وتەبێژی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند “بەپێی وتەی ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، تاوەکو ئێستا ٨,٠٠٠ ئامانجی سەربازی پێکراون، کە لەنێویاندا ١٣١ کەشتیی جەنگیی ئێرانی هەبوون.”
لیڤێت ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەمە بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی تێکشکاندنی کەشتیگەلی دەریایی دادەنرێت لە ماوەی سێ هەفتەدا، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ئێستا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە دەستیان کردووە بە بۆردوومانکردنی ئامانجەکان لە ناوخۆی ئێران، لەنێویاندا تاران، کە بووەتە هۆی کەوتنەوەی زیانی ماددی و قوربانیی مەدەنی. لە بەرامبەردا، ئێران هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام دەدات و ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆردوومان دەکات.
