شەڕی ژێرخان و هەڕەشەی تیرۆرکردن؛ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم تەقینەوەدایە، نەتانیاهۆ هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی سەرکردەکانی ئێران دەکات و تاران بە لێدانی شوێنە پیرۆزەکان تۆمەتبار دەکات.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەڕەشەی ئەوەی کرد، کە وڵاتەکەی سەرکردەکانی ئێران و بەتایبەتی سوپای پاسداران دەکاتە ئامانج.
ئەم لێدوانانە ئەمڕۆ یەکشەممە لە کاتی بەسەرکردنەوەی شوێنی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران لە شاری “ئاراد” لە باشووری ئیسرائیل هات، کە شەوی شەممە ئەنجامدرا بوو.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێمە ڕژێمەکە دەکەینە ئامانج. سوپای پاسداران کە تاقمێکی تاوانبارن دەکەینە ئامانج، بە شێوەی تایبەتی خۆیان و سەرکردەکانیان و دامەزراوەکانیان و سەروەت و سامانە ئابوورییەکانیان دەپێکین.
نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێران شوێنە پیرۆزەکانی هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکەی لە قودس کردووەتە ئامانج و وتی، ئەوان تەقەیان لە قودس کرد، لە تەنیشت شوێنە پیرۆزەکانی هەر سێ ئایینەکە؛ دیواری ڕۆژئاوا (گریان)، کەنیسەی قیامە و مزگەوتی ئەقسا. موعجیزە ئاسابوو کە هیچ کام لەو شوێنانە زیانیان بەرنەکەوت، بەڵام ئەوان ئامانجیان پێکانی ئەو شوێنە پیرۆزانە بوو.
شایەنی باسە، دوو هێرشی مووشەکیی ئێران کە شەوی شەممە ئەنجامدرا، زیانی گەورەی بە شارەکانی ئاراد و دیمۆنە گەیاندووە (کە دامەزراوەیەکی ئەتۆمی ئیسرائیلی لێیە). بەپێی ئامارەکانی فریاکەوتنی ئیسرائیل، زیاتر لە ١٠٠ کەس لەو هێرشانەدا بریندار بوون.
