ئەحمەد شەرع لەگەڵ شاندێکی کوردانی ڕۆژئاوا کۆبووەوە و ڕایگەیاند، دەستەبەرکردنی مافەکانی پێکهاتەی کورد مافێکی ڕەسە
سەرۆکایەتی سووریا بڵاویکردۆتەوە: ئەحمەد شەرع، دوێنێ لە کۆشکی گەل لە دیمەشق، بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و جەژنی نەورۆزەوە، پێشوازی لە شاندێکی ڕۆڵەکانی پێکهاتەی کورد کرد. دیدارەکە بە ئامادەبوونی پارێزگارەکانی (حەلەب، ڕەققە و حەسەکە) و نێردەی سەرۆکایەتی بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم لەگەڵ “هەسەدە” بەڕێوەچوو.
ئەحمەد شەرع وتی: جەژنی نەورۆز، جەژنێکی نیشتمانییە و ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندی پێکهاتەی کوردە و جەختی کردەوە کە گەلی سووریا یەک گەلە.
دووپاتی کردەوە، کە دەستەبەرکردنی مافەکانی پێکهاتەی کورد مافێکی ڕەسەنە.
شەرع هەمەجۆریی کولتووری، وەک «سەرچاوەی هێز بۆ سووریا» وەسف کرد و ئاماژەی بە پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانی ناوچەی ڕۆژهەڵات کرد.
لای خۆیانەوە شاندی کورد دەستخۆشییان لە مەرسومی سەرۆکایەتی ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٦ کرد بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لە سووریا، هەروەها جەختیان کردەوە لەسەر،وچەسپاندنی یەکێتی نیشتمانی و بەهێزکردنی بەشداریی گشتی.
ڕاشیانگەیاند، کۆکردنەوەی سەرجەم چەکەکان تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت.







