کەشناسێکی کورد ئاشكرای دەکات، کە ئەمڕۆ بارانبارین و تەرزەی بەهێز بەردەوامی دەبێت، بۆ سبەینێ دووشەممە کەشوهەوا تا ڕادەیەک ئاسایی دەبێتەوە و پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن.
ئاراس جەبار، شارەزا لە بواری کەشناسی بڵاویکردەوە: بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە،کاریگەری شەپۆلی بارانبارین و هەورە بروسکە بەهێزتر دەبێتەوە لەسەر تەواوی ناوچەکانمان لە نێوان کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە لەناوچەکانی پارێزگای هەولێر و دهۆک و نەینەوا و ئیدارەی سۆران کاریگەری زیاتر دەبێت و ئەگەری بارانی بە لێزمە و تەرزە دەبێت لە هەندێ شوێنیشدا ئەگەری دروستبوونی لافاو دەبێت پاشان لەکاتەکانی ئێوارەوە کاریگەری ئەم ناجێگیریە لەو ناوچانەدا لاواز دەبێت و بەشێوەی بارانی کەم بۆ مامناوەند و پچر پچر لە شەودا بەردەوامی دەبێت.
دەشڵێت: لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین کاریگەری ئەو ناجێگیریە لە کاتەکانی ئێوارەوە بەهێز دەبێت تا کاتەکانی بەرەبەیانی سبەینێ دووشەممە، لەو مەودایەدا لەم ناوچانەدا بە هەمان شێوە ئەگەری چالاکبوونی هەورە بروسکەی بەهێز و لێزمە باران دەبێت و لەهەندێ شوێنیشدا ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە، لەگەڵ بارینی تەرزە، پلەکانی گەرما جێگیر دەبن، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت بەڵام لەناوچەکانی سنووری کەرکوک و سەنتەری هەولێر و ئیدارەی گەرمیان خێرایی با لە نێوان کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە چالاک دەبێت لە نێوان 20-50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە کوردە، بۆ رۆژی دووشەممە، کاریگەری ئەو نزمەپاڵەپەستۆیەی لەسەر ناوچەکانمانە لاواز دەبێت، لەناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر و کەرکوک و ئیدارەی راپەرین و سۆران بە درێژایی کاتەکان کەش و هەوا جێگیر دەبێت، ئاسمان بە زۆری پەڵە هەور دەبێت و هەندێک کاتیش دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور، لەناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و باکوری ئیدارەی گەرمیان کەش و هەواکە هەندێ جیاواز دەبێت و ئەگەر هەیە لە هەندێ شوێندا لە نێوان کاتەکانی دوای نیوەرۆ بۆ ئێوارە هەورە بروسکە چالاک ببێتەوە و تاوە باران ببارێت، بەڵام بەگشتی زۆربەی کاتەکان کەش جێگیرە و بارانەکەش مەرج نیە هەموو شوێنەکان بگرێتەوە و کورت خایان دەبێت، پلەکانی گەرماش بەڕاورد بە ئەمڕۆ دوو تا چوار پلە بەرزدەبنەوە.
