بەڕێوەبەرایەتی باخچەی ئاژەڵانی زەورای شاری بەغدا ڕایگەیاند، ئەو هاووڵاتییەکەی کە ئەمڕۆ پڵنگێکی باخچەکە پەلاماری قاچی داوە، سەرپێچی ڕێنماییەکانی کردووە و پەرژینەکانی تێپەڕاندووە.
ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی باخچەی ئاژەڵانی زەورای شاری بەغدا ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو ڕووداوە بڵاوکردەوە کە لە نێو باخچەی ئاژەڵان ڕوویدا و تێیدا هاتووە، “دەمانەوێت ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە ڕووداوەکەی ئەمڕۆی ناو باخچەکە بدەین؛ کە تێیدا سەردانکەرێک لەگەڵ هاوڕێکانیدا یاساکانی بەزاندووە و بەسەر پەرژینە ئەمنییەکاندا سەرکەوتووە و چووەتە ناو ئەو ناوچەیەی کە تەنها بۆ ستافی چاودێری ئاژەڵە دڕندەکان تەرخانکراوە”.
ڕوونیشیکردەوە کە ئەو هاووڵاتییە هەوڵیداوە لە یەکێک لە پڵنگە سیبیرییەکان نزیک ببێتەوە و بێزاری بکات، ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی قاچی، دوای ئەوەی ئاژەڵەکە توانیویەتی قاچی بۆ ناوەوەی پەرژینەکە ڕابکێشێت.”
ئەوەشی خستەڕوو کە هۆکاری ڕووداوەکە بۆ سەرپێچیکردنی ڕێنمایی و ئاگادارکردنەوەکانی شوێنەکە بووە.
بەڕێوەبەرایەتی باخچەی ئاژەڵانی زەورا ڕاشیگەیاند، پاسەوان و ستافی ئێشکگر دەستبەجێ مامەڵەیان لەگەڵ بارودۆخەکەدا کردووە و کەسەکەیان ڕزگار کردووە و گەیاندوویانەتە نەخۆشخانە؛ لە ئێستادا بارودۆخی جێگیرە و چارەسەری پێویست وەردەگرێت.
دووپاتیشیکردەوە کە بەزاندنی بەربەستەکان و نزیکبوونەوە لە ئاژەڵە دڕندەکان مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لەسەر ژیان و ڕەنگە ئەنجامی ناخۆشی لێبکەوێتەوە.
جەختیشیکردووەتەوە کە باخچەکە بەرپرسیار نییە لە هەر زیانێک کە بەهۆی سەرپێچیکردنی یاساکان و بەزاندنی پەرژینەکانەوە ڕوودەدات.
