گۆڕانکاری لە هاوکێشەی جەنگ؛ ئێران بنکەی “دیگۆ گارسیا” لە دووری ٤٠٠٠ کیلۆمەتر دەپێکێت.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، سوپای پاسداران لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، بنکەی سەربازیی **”دیگۆ گارسیا”**ی ئەمریکای لە قوڵایی زەریای هیندی بە دوو مووشەکی دوورهاوێژ کردووەتە ئامانج.
ئەم هێرشە چەند ڕاستییەکی سەربازیی نوێی ئاشکرا کردووە کە ناوەندە هەواڵگرییەکانی جیهانی تووشی شۆک کردووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بنکەی دیگۆ گارسیا نزیکەی ٤,٠٠٠ کیلۆمەتر لە خاکی ئێرانەوە دوورە. لە کاتێکدا ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو مەودای دوورترین مووشەکی تەنها ٢,٠٠٠ کیلۆمەترە، بەڵام ئەم هێرشە دەریخست کە تاران خاوەنی تەکنەلۆژیایەکە کە مەودای مووشەکەکانی گەیشتووەتە دوو هێندەی ئەوەی ڕایگەیاندبوو.
شیکەرەوە سەربازییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر ئێران توانای پێکانی ئامانجی لە دووری ٤,٠٠٠ کیلۆمەتر هەبێت، ئەمە بەو مانایەیە کە”ئێران ئێستا دەتوانێت لە ناو خاکی خۆیەوە مووشەک ئاڕاستە بکات و ڕاستەوخۆ خاکی بەریتانیا و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا بپێکێت.”
پێکانی دیگۆ گارسیا وەک یەکێک لە پارێزراوترین بنکەکانی ئەمریکا لە جیهاندا، پەیامێکی ڕاشکاوە بۆ واشنتن و هاوپەیمانەکانی، کە هیچ ناوچەیەکی ستراتیژی لە ژێر ڕەحمەتی مووشەکە نوێیەکانی تاراندا پارێزراو نییە.
