ئەمریکا هەزاران سەربازی “مارینز” ڕەوانەی ناوچەکە دەکات؛ پێنتاگۆن پلانی هێرشی زەمینی بۆ سەر “دوورگەی خارک” ئامادە دەکات.
لەگەڵ توندبوونەوەی ململانێ ڕاستەوخۆکانی نێوان هاوپەیمانیی (ئەمریکا-ئیسرائیل) و ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جوڵەیەکی سەربازیی بەرفراوانی دەستپێکردووە کە ئاماژەیە بۆ ئەگەری فراوانبوونی زیاتری جەنگەکە.
کەناڵی “فۆکس نیوز” لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، هێزێکی ئەرکدار کە لە ٤ هەزار و ٥٠٠ دەریاوان و سەربازی مارینز پێکدێن، لە ڕێگەی زەریای هێمنەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتوون. ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر ٢ هەزار سەربازی دیکە و ٣ کەشتی جەنگی ڕەوانەی ناوچەکە کرابوون.
کەناڵی “سی بی ئێس نیوز” (CBS) ئاشکرای کردووە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) پلانێکی وردی بۆ بڵاوکردنەوەی هێزی زەمینی لە ناو خاکی ئێران ئامادە کردووە، بەتایبەتی لە دوورگەی خارک. ئامانجی ئەم پلانە پێدانی بژاردەی سەربازییە بە ئیدارەی ترەمپ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر تەقینەوەیەکی زیاتری بارودۆخەکە.
ئەم ئامادەکارییانە دوای ئەوە دێن، کە لە کۆتایی مانگی ڕابردووەوە (٢٨ـی شوبات)، زنجیرەیەک هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوخۆی ئێران ئەنجامدران. تاران لە وەڵامدا بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و خاکی ئیسرائیل.
بەهۆی ئەم گرژییانەوە، گەرووی هورمز ڕووبەڕووی گەمارۆیەکی فەرمی بووەتەوە. ئەم گەرووە کە بە “شادەماری وزەی جیهان” دادەنرێت، پەککەوتنی کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر کەمبوونەوەی ئاستی هەناردەی نەوت و گازی ناوچەکە، و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
