تاران مەرجی ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە؛ عێراقچی: تا گەیشتن بە ئامانجەکانمان لە شەڕ بەردەوام دەبین.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە نوێترین لێدوانیدا هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە پرسی ڕاگرتنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە تاران هیچ جۆرە ئاگربەستێک قبووڵ ناکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی (کیودۆ) بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند، ئاگربەست قبووڵ ناکەین، بەڵکو دەمانەوێ لەو شەڕەدا تا ئەو کاتە بەردەوام بین کە دەگەین بە ئامانجەکانمان.
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەوەدا نییە شەڕ بە شێوەیەکی کاتی ڕابگیرێت، چونکە ئەوان بەدوای “یەکلاکردنەوەی کۆتایی” دەگەڕێن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، نەک تەنها وەستانێکی کاتی کە دووبارە سەرهەڵبداتەوە.
ئەم لێدوانە توندەی عێراقچی لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە بەردەوامن، بەڵام جەختکردنەوەی تاران لەسەر “بەردەوامیی شەڕ تا گەیشتن بە ئامانجەکان” ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئاسۆی دیپلۆماسی لە ئێستادا داخراوە.
