spot_imgspot_img

نەورۆزی کوردایەتی، لە سایەی جەنگێکی ناڕەوای خوێناویدا

مەلا بەختیار

نەرۆزی ئەمساڵ، لە جەرگەی جەنگێکی ماڵوێرانکەری خوێناوی، کە دەکرا ڕێی لێبگیرێ؛ دوور لە ئاهەنگ بەڕێدەکرێت. وەک چۆن هەمیشە لە مێژوودا، لە دژوارترین دۆخدا، وەچەکانمان لە ویژدانەوە پیرۆزبایی نەورۆزیان کردووە، ئەمساڵیش سەرەڕای ئەم جەنگە ناڕەوایە، پیرۆز بێت لە کوردی کوردستان و سەرانسەری جیهان.

پێچەوانەی ئەوانەی هەستی نەتەوایەتییان لاوازە و پێیانوایە نەورۆز دەستکردە، پێمانوایە تەنها ئەو عەشقەی کورد بۆ نەورۆز هەیەتی، بەسە، بۆ ئەوەی بزانرێ نەورۆز، چۆن چۆتە ویژدانی هەموو کوردێکی دڵسۆز.

هیچ یادێک لە مێژوودا، بە ئارەزوو، یاخود بە ڕێککەوت، یاخود بە داسەپاندن، نابێتە شوناسی نەتەوەیەک. ڕەنگە لە مێژووی نەژاد و نەتەوەی کورددا، دەیان هەزار ڕووداوی دڵتەزێن، کەمێکیش ئاسودەبەخش، ڕوویاندابێت. داگیرکەرانی کۆن و نوێش خواستبێتیان، یادەکانی خۆیان بسەپێننە سەر کوردەواری، بەڵام بۆیان نەچۆتە سەر! ئەوە چۆنە لە ناو ئەو دەیان هەزار ڕووداوەدا، نەورۆز دەبێتە هێما و رۆدەچێتە ویژدان و هەر نەورۆزیش، ئێستا هەر چوار پارچەکەی کوردستان لە ناو پەلکە زێڕینەی بەهاری ئازادیدا کۆدەکاتەوە و ملیۆنان کورد بە جلی ئاڵ و واڵاو و مارسیلیزیا (سروود) نەتەوەییەیە نەمرەکەی نەورۆزی پیرەمێردەوە، تۆپی داگیرکەران ببارێ، یان بارانی سروشت، جەژنی نەورۆز هەر دەگێڕن.

بەندە، هیچ ناکۆکییەک لە بەینی جەژنی نەورۆز و سروشە ئایینیەکاندا نابینم. بەڵکو بە پێچەوانەوە، مادام نەورۆز هاندەری کوردایەتی و دڵخۆشیی نەتەوەیەکی نیشتیمان داگیر و دابەشکراوی کوردە، هەروەها ئاسودەیی دەروون بەخشیشە، یەکێک لە ئەرکەکانی ئایینیش ئارامشی دەروونە، نەک دردۆنگی مەزهەبی، کەوابێت هیچ ناکۆکییەک لە نێوان سروشە ئایینییەکان و نەورۆزی کوردایەتی و کوردەواریی نییە.

ئومێدەوارین لە بەشەکانی تری کوردستاندا، نەورۆز بەبێ کێشە و بەبێ ڕاپێچکردنی مەشخەڵ هەڵگرانی نەورۆز بۆ زیندان، جەژنی ئەم ساڵ لە ناو ئەم دۆخە پڕ لە دڵەڕاوکێیەی جەنگ و لە خوێن ژەنینەی ناوچەکەمان، جەژنی نەورۆز ساز بدرێت. بەتایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە ساڵانی ڕابردوو ئاهەنگگێڕانی نەورۆزیان دەگەیاندە ترۆپکی کوردایەتی، ئەمساڵ دەزانن ئێرانی وڵاتی گەلانی ئێران، بە دۆخێکی سەختی هێشتا چارەنووس نادیاردا تێدەپەڕێت.

هەمیشە دۆخی وا دوور نییە وەرچەرخانی چاوەروان نەکراو، بخوڵقێنێ. کورد تا پشووی بۆ هەموو ئەگەرەکان درێژ بکات، پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ، باشترە. نەتەوەکەمان لە مێژوودا، باجی نەخوێندنەوەی هەمەلایەنەی رووداوەکانی تا ڕادەی ئەنفال و کیمیا باران و راگواستنی سەدان هەزار کورد، داوە. هەق وایە لەو هەڵە و هەڵدێرانە دەرس و پەند وەرگیرابێ و لەم جەنگەدا رۆژهەڵاتی کوردستان نەکرێتە کەوا سوری بەر لەشکر، گەلێک باشترە. چونکە، کە لێی قەوما هیچ لایەک نابێتە خاوەنی. بەڵام، کە سەرکەوت خاوەنی سەرکەوتن لە کەسوکاری شەهیدانیش زۆرترن!

دیسان نەورۆز لە هۆگرانی نەورۆز پیرۆز بێت. پیرۆز بێت لە کورد بە کوردی سەنگەرەکانی کوردایەتی و جیهان. چونکە نەورۆز سەدان ساڵە شوناسێکی کوردایەتییە. ویسترابێ یان نەویسترابێ!

لەگەڵ ڕێزم بۆ کەسوکاری شەهیدانی سەراپای کوردستان و سڵاویشم بۆ هەر زیندانییەک هەیە، لەسەر کورد و کوردایەتی و ئازادی گیرابێت، دڵنیام لە جەژنی نەورۆزیشدا، بڵێسەی ئاگری ئەشکەنجە لەسەر جەستەیان بەرز دەکەنەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە