شەپۆلە بەهێزەکانی بارانبارین بەدرێژای ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو بەردەوامی ئەبێت و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: دووەم ڕۆژ و سێیەم ڕۆژی جەژن بارانی بەلێزمە و تەرزە دەبارێت.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەرۆژی رابردووە و تا ئێستا بڕێکی باش باران لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچەکە باریوە و لە ئێستاوە کاریگەری سەرەکی ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکانمان تێپەری و ئەوەی ماوەتەوە بەردەوامی کاریگەری هەردوو نزمە پاڵەپەستۆکەی دەریای سوور و ناوەراستە.
ڕاشیگەیاند، ئەو كاریگەرییە بۆ ئەمڕۆ و سبەی شەممە 21/3/2026 دووەم رۆژی جەژنی پیرۆزی رەمەزان لەکات و شوێنی جیاجیادا تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە و هەورە بروسکە لەزۆربەی ناوچەکان دروست ئەبێتەوە بەتایبەتیش لەنێوان کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە کاریگەری ئەو ناجێگیریە زیاددەکاتەوە لەکەش و بەرگەهەوادا.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ رۆژی یەک شەممە 22/3/2026 سێیەم رۆژی جەژن کاریگەری هەردوو نزمە پاڵەپەستۆکە چالاک ئەبێتەوە و جارێکی دیکە شەپۆلێکی بەخوڕی باران و هەورە بروسکە سەرجەم ناوچەکانمان ئەگرێتەوە و تا کاتەکانی شەو کاریگەریەکانی بەبەهێزی بەردەوامی ئەبێت لەگەڵ چالاکبوونی بای باشوری رۆژهەڵات بەخێرای 15-30کم/ک و پلەکانی گەرماش بەجێگیری ئەمێنێتەوە.
وتیشی، “لەرۆژانی 23 و 24 ی مانگ کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیانە تا رادەیەک لاواز ئەبن و کەش و هەوا لە زۆربەی ناوچەکان جێگیر ئەبێت لەوانەیە لەهەندێ شوێندا تاوە باران و هەورە بروسکە بەشێوەی کورت خایان لەماوەی ئەو رۆژەشدا دروست ببێتەوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەرێژەی 2 تا 3 پلە”.
