لە درەنگانی شەودا ٣٠٠ دیلی ڕۆژئاوا گەیشتنەوە باوەشی خێزانەکانیان لە حەسەکە.
ئەمشەو، شاری حەسەکە شایەتحاڵی ساتەوەختێکی مێژوویی و پڕ لە سۆز بوو، کاتێک لە “فولکەی سەباغ” لە باکووری شارەکە، جەماوەرێکی زۆر و بنەماڵەی دیلەکان پێشوازییان لە ٣٠٠ دیلی ئازادکراو کرد کە لەلایەن حکومەتی کاتیی سووریاوە دەستبەسەرکرابوون.
ئەم کۆمەڵە ئازادکراوە خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریان، لەوانە شارەکانی: حەسەکە، قامیشلۆ، کۆبانێ، عەفرین، دێرەزوور، شەدادێ و حەلەب.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم دیلانە لە چەند قۆناغێکی جیاوازدا کەوتبوونە دەست هێزەکان؛ بەشێکیان لە کاتی هێرشەکانی پێشووی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکووری سووریا دەستگیرکرابوون، بەشەکەی تریشیان لە ئەنجامی گرژی و هێرشەکانی ئەم دواییانەدا دەستبەسەر کرابوون.
ئازادکردنی ئەم ٣٠٠ کەسە وەک هەنگاوێکی کردەیی دێت بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە سیاسی و سەربازییەی کە لە ٢٩ـی کانوونی دووەمی ڕابردوو لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی کاتیی سووریادا واژۆ کرا.
