سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی رەوانەکردنی هێزی زەمینی بۆ ئێران دەڵێت” هێزی زەمینی بۆ ئێران نانێرین و نەتانیاهووش لە هێرشکردنە سەر کەرتی نەوت پاشەکشەی کردووە”.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە کۆشکی سپی، چەند زانیارییەکی هەستیاری سەبارەت بە ئایندەی ململانێکان لەگەڵ ئێران ئاشکرا کرد.
ترەمپ ڕایگەیاند، کە بە فەرمی داوای لە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە، هێرش نەکەنە سەر دامەزراوەکانی وزە و نەوتی ئێران. سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە نەتانیاهوو لەگەڵ داواکارییەکەدا ڕازی بووە و چیتر ژێرخانی وزەی ئێران ئامانجی سەربازی نابێت.
سەبارەت بە ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی، ترەمپ بە شێوازێکی بڕبڕەدارانە وەڵامی میدیاکانی دایەوە و وتی، “بێگومان ئەگەر سەرباز بنێرم بۆ ئێران پێتان ناڵێم، بەڵام من ئەو کارە ناکەم.” ئەم لێدوانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی واشنتن نایەوێت بچێتە ناو جەنگێکی زەمینیی ڕاستەوخۆوە.
ترەمپ ستایشی ڕۆڵی ژاپۆنی کرد لە جەنگی ئێراندا و دووپاتی کردەوە کە تۆکیۆ هاوکارییەکی جددی ئەمریکا دەکات. لە هەمان کاتدا بەراوردێکی لە نێوان ژاپۆن و ناتۆدا کرد و ڕایگەیاند: ژاپۆن بە پێچەوانەی ناتۆوە هاوکارمان دەبێت، واشنتن بەردەوام دەبێت لە پاراستنی گەرووی هورمز، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا کەمترین قازانجی تێدایە.
سەرۆکی ئەمریکا بارودۆخی سەربازی ئێرانی بە “لاواز” وەسف کرد و وتی: زۆربەی توانا سەربازییەکانی ئێران کۆتاییان هاتووە، بەڵام ئێستا سەرقاڵی چاندنی مینن لە گەرووی هورمز.
ترەمپ گەشبینی خۆی نیشاندا و ڕایگەیاند، کاتێک ئەم جەنگە کۆتایی دێت، ناوچەکە دەبێتە شوێنێکی ئارام و پڕ لە خۆشگوزەرانی.
