لە رۆژی دوو شەممە 2026-3-16 لە هۆڵی كارگەی كولتووری لە سلێمانی، رێكخراوی جاسەنە گفتووگۆیەكی كراوەی بۆ بەڕێوەبەرو سەرنوسەری كەناڵە جیاجیاكانی راگەیاندنو ئەكادیمیانو لایەنە پەیوەندیدارەكان رێكخست و، تیایدا هەڵسەنگاندن بۆ رووماڵو چۆنێتی مامەڵەی میدیاو میدیاكاران لەگەڵ هەواڵو زانیاریو رووداوەكانی جەنگ كراو لە ئەنجامیشدا، چەند راسپاردەیەك بە بەشداری هەمووان گەڵاڵە کراو ئاڕاستەی میدیاو میدیاكارانو لایەنە پەیوەندیدارەكان كرا:
– راسپاردە بۆ میدیاو میدیاكاران:
1- پێویستە میدیاكان ئەو ڕاستییەیان لەبەر چاو بێت، کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە جەنگەكە، نابێ گوتاری میدیاییان بەسەر لایەنە بەشەڕهاتووەكانی جەنگەكەدا دابەشبكەنو، گرنگە روماڵێكی بێ لایەنو هاوسەنگ بكەن.
2- میدیاو میدیاكاران مافی رووماڵكردنی رووداوەكانی جەنگیان هەیە، بەڵام پێویستە رووماڵكردنەکە نیشتیمانیانە بێتو كاریگەریی ئەجێندای هیچ لایەنێكی بەشەڕهاتووی بەسەرەوە نەبێت.
3- لە روماڵی رووداوەكانی جەنگدا، پێویستە میدیاكان رەچاوی پرەنسیپی بەرپرسیارێتی بكەنو نەبنە هۆی بڵاوكردنەوەی ترسو تۆقاندنو دڵەڕاوكێ بۆ هاووڵاتیان. هەروەها لە بەكارهێنانی زمانی توندوتیژی دووربكەونەوەو دەستەواژەی هێوركەرەوە بەكاربهێنن.
4- میدیای پیشەیی نابێت ببێتە سەكۆی بڵاوكردنەوەی دەنگۆ، یان وێنەو زانیاری ناڕاستو چەواشەكار كە لایەنە شەڕكەرەكان وەك جەنگیی دەرونیی لە دژی بەكتر بڵاویدەكەنەوە.
5- پێویستە میدیاو میدیاكاران دڵنیاببنەوە لە راستیو دروستیی زانیاریو سەرچاوەكانیانو بە وردی لێیان بكۆڵنەوە و ئینجا بڵاویانبكەنەوە.
6- نابێت میدیاكان وردەكاریی نهێنیی سەربازیی، یان هەر زانیارییەكی جوگرافیو پێگە هەستیارەكان بڵاونەكەنەوە كە ئەگەری بە ئامانج گرتنیان لەلایەن لایەنە بەشەڕەهاتووەكانەوە هەیە.
7- پێویستە میدیاكان وێنە و ڤیدیۆی خوێناوی و دڵتەزێنی قوربانیان بەبێ ڕەچاوكردنی شكۆی مرۆیی بڵاونەكەنەوە، هەروەها ناسنامەی قوربانیان بپارێزن و ڕێز لە خێزانو خانەوادەكانیان بگرن پێش بڵاوكردنەوەی ناوەكانیان.
8- بۆ ئەوەی سیستمی ژیانی خەڵك تێكەنەچێو ترسو دڵەڕاوكێ دروستنەبێ، پێویستە میدیاكان كەمترین كاتو رووبەر بۆ بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاری جەنگ تەرخانبكەن و زیاتر گرنگی بە پرسە گشتیو رۆژانەییەكانو كاتبەسەربردن، بدەن.
9- لەم دۆخە نا ئاساییدا، پێویستە میدیاكان دووربكەونەوە لە هەندێ ناكۆكی ناوچەیی بچووك كە زیان بە بەرژەوەندیی گشتی و پرسە نیشتیمانیەكان دەگەیەنێت.
10- پێویستە میدیاكان سەرنجی زیاتر بخەنە سەر ئەو زیانانەی كە بەهۆی جەنگەكەوە لە موڵكو ماڵی هاووڵاتیانو هەموو بوارە مەدەنیو خزمەتگوزارییە گشتیەكان دەكەونەوە.
11- میدیاكان، بایەخ بە رێكخستنی خولو ۆركشۆپی تایبەت بە رووماڵی رووداوەكانی جەنگو دۆخی نا ئاسایی بۆ میدیاكارەكانیان بدەنو كار بۆ پێگەیاندنی پەیامنێریی جەنگیی بكەن.
12- پێویستە میدیاكاران، لەكاتی روماڵكردنی رووداوەكانی جەنگدا، جل و بەرگیی تایبەت بە كاری رۆژنامەنووسی لەبەربكەن، بۆ جیاكردنەوەیان لە هاووڵاتی ئاسایی لەلایەن هێزە ئەمنیو سەربازییەكانەوە.
ڕاسپاردە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان:
1- پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت لەکاتی دەرکردنی بڕیارو رێنماییدا، پێشوەختە گفتووگۆ و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە میدیاییەكاندا بكەن.
2- پێویستە بەگوێرەی یاسا و پاڵپشت بە یاسای کاری ڕۆژنامەگەری ژمارە (35)ی ساڵی 2007ی كاری رۆژنامەگەریی لە کوردستان مامەڵە لەگەڵ میدیاو میدیاكاراندا بکرێت.
3- میدیا و میدیاکاران پشتەوانەی (حصانە) یاساییان هەیە و لە کاتی ئەرکدا، ڕۆژنامەنووسان وەک فەرمانبەری خزمەتی گشتیی دەبێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت كە ئەمە جگە لە یاسای رۆژنامەگەریی هەرێم، رێكەوتننامەی جنێف جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە رۆژنامەنووس، هاووڵاتی مەدەنیەو دەبێ بپارێزرێت.
4- پێویستە ڕووماڵکردنی کردەوە و پرۆسە سەربازییەکان نەبنە پاساوێک بۆ سەرکوتی ئازادی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە.
5- مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بە پێی یاسا بۆ میدیاکان و هاووڵاتیان دەستەبەرکراوە و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەت بە بێ هەڵاواردن و جیاکاری، زانیاریی لە بارەی ڕووداو و پێشهاتەکان لەكاتی خۆیدا بدەنە سەرجەم کەناڵەکان.
6- وەزارەتی خوێندنی باڵا، زانكۆكان راسپێرێت كە وانەی میدیای جەنگیی بكەنە وانەیەكی بنەڕەتیو لە بەشو كۆلێژەكانی راگەیاندنی زانكۆكاندا بخوێندرێت.
7- كاراركردنی زیاتری وتەبێژی دامەزراوەكانی پێشمەرگەو هێزە ئەمنیە پەیوەندیدارەكان، بە مەبەستی پێدانی زانیاریی بە میدیاو میدیاكاران.
8- لایەنە پەیوەندیدارەكان لەكاتی جەنگەكەدا بەبەردەوامی هۆشیاریی نیشتیمانی لەڕێی میدیاكانەوە بڵاوبكەنەوە بۆ بەرزكردنەوەی ورەی خەڵكو رووبەڕووبونەوەی جەنگی دەروونیی.
لەم گەڵاڵەكردنی ئەم راسپاردانەدا، ئەم لایەنانە بەشداربوون: *دامەزراوە میدیاییەكان:
1- تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان 2- كەناڵی NRT 3- نوێنەری كەناڵی رووداو 4- نوێنەری كەناڵی 24 5-كەناڵی كوردسات 6- بەڕێوەبەری سەنتەری میدیاكانی پارتی لە سلێمانی 7- دەزگای میدیایی شارپرێس 8- رۆژنامەو ماڵپەڕی ئاوێنە 9- دامەزراوەی میدیایی خەندان 10-كەناڵی ئاسمانیی SPEDA و رادیۆی SPEDA FM 11- كەناڵی ئاسمانیی پەیام 12- دەزگای میدیایی وێستگە نیوز 13- تۆڕی میدیایی میدیایی خەڵك 14- دیجتاڵ میدیای KNN 15- دامەزراوەی میدیایی زەمەن پرێس 16- كۆمپانیای چەتر 17- سەنتەری راگەیاندنی روناكبیری ژنان . 18- ماڵپەرو سۆشیاڵ میدیای تاف 19- كارگەی كولتووری سلێمانی 20- رادیۆو تەلەفزیۆنی سلێمانی 21- دەزگای راگەیاندنی سپی • نوێنەری دامەزراوەكان: 22- وتەبێژی ئاسایشی هەرێم. 23- بەرپرسرسی راگەیاندنو پەیوەنیدییەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت. 24- سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان. * پسپۆڕانی بواری میدیا: 25- د. سامان فەوزی. 26- د. عەدالەت عەبدوڵڵا. 27- هێمن قادر نوسەری بواری سەربازی.
