spot_imgspot_img

وەزارەتی بازرگانی: بازاڕ لەژێر کۆنترۆڵدایە

وەزارەتی بازرگانی: لە ڕەمەزاندا ٢٠٠ شوێن سزادراون و بازاڕ لەژێر کۆنترۆڵدایە

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوایین ئاماری چاودێریی بازاڕەکانی لە مانگی ڕەمەزاندا ئاشکرا کرد و جەختی لە بەردەوامیی پرۆسەی چاودێریکردن کردەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاندووە، تیمەکانی چاودێری لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا زیاتر لە ٣ هەزار بەسەرکردنەوەیان بۆ بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکان ئەنجامداوە. لە ئەنجامی ئەم هەڵمەتەدا ٢٠٠ شوێنی بازرگانی بەهۆی سەرپێچی و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان سزادراون، هاوکات چاودێرییەکی چڕ خراوەتە سەر بازاڕ بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە قۆرغکارییەک.

نەوزاد شێخ کامیل دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە کۆگاکان پڕن لە پێداویستیی خۆراک و وتی “کاڵا و خواردەمەنی بە شێوەیەکی بەردەوام لە دەروازە سنوورییەکانی (ئیبراهیم خەلیل، ئوم قەسر و عەرعەر)ـەوە هاوردە دەکرێن.”

وەزارەتی بازرگانی دووپاتی کردەوە، کە ڕێگە بە هیچ جۆرە گرانبوونێکی نایاسایی نادەن و جەختی کردەوە کە “ئێستا بازاڕ لەژێر کۆنترۆڵی تەواودایە” و تیمەکانیان ڕووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبنەوە کە بیەوێت باری دارایی هاووڵاتییان گران بکات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە