وەزیری جەنگی ئەمریکا: ٩٠٪ی تواناکانی ئێرانمان تێکشکاندووە و ئەم جەنگە وەک “شکستەکانی ڕابردوو” نییە.
وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی فراواندا، وردەکاریی نوێی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە دژی ئێران و هەڵوێستی واشنتنی لەسەر بازاڕی وزە و چەکی ئەتۆمی ئاشکرا کرد.
پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە ئەمریکا سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە و ئامانجەکانی لە تێکشکاندنی سەکۆکانی مووشەک و هێزی دەریایی ئێران پێکاوە. وتیشی، ٩٠٪ی تواناکانی ئاسمانی و دەریایی ئێران بەتەواوی تێکشکێندراون، لە نێویشیاندا ١٢٠ کەشتیی جەنگی لەناوچوون.
وتیشی”بەمزووانە کۆتایی بە ئەرکە سەربازییەکانمان لە ئێران دەهێنین، دوای ئەوەی تواناکانی تارانمان بۆ ئاستێکی کەم وێنە داڕماندووە، و ئەمڕۆ گەورەترین هێرش دەکەینە سەر ئێران”.
وەزیری جەنگ بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی پێشوو گرت و وتی، “ئەم جەنگە وەک جەنگە فەشەلەکانی سەردەمی بوش، ئۆباما و بایدن نییە، ئێمە لێرەدا سەرکەوتنی ڕاستەقینەمان بەدەست هێناوە.”
سەبارەت بە ژێرخانی ئابووری و پرسی ئەتۆم، وەزیری جەنگ چەند خاڵێکی یەکلاکەرەوەی خستەڕوو:
چەکی ئەتۆمی هێڵی سوورە و بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادەین تاران بگاتە چەکی ئەتۆمی.
ئەمریکا هێرش ناکاتە سەر ژێرخانی وزەی ئێران، ئەمەش بۆ پاراستنی سەقامگیریی بازاڕەکان.
ڕێگەمان داوە بە بەردەوامیی ڕۆیشتنی نەوتی ئێران لە کەنداوەوە تا نرخەکان جێگیر بن.
ئەگەر پێویست بکات، بەشێکی نوێ لە یەدەگی نەوتی ئەمریکا دەخەینە بازاڕەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر بەرزبوونەوەیەکی چاوەڕواننەکراوی نرخ.
