وەزارەتی ئەوقاف وادەی کۆتاییهاتنی وەرزی عومرە و دەستپێکی گەشتی حەجی ٢٠٢٦ی ڕاگەیاند.
کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی نوێی سەبارەت بە کۆتاییهاتنی وەرزی عومرە و ئامادەکارییەکانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ (٢٠٢٦) خستە ڕوو.
کاروان ستونی ڕایگەیاند، بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە سبەینێ هەینی ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٦، دواین ڕۆژ دەبێت بۆ دەرچوونی ڤیزای عومرە بۆ ئەم وەرزە. ئەو کەسانەی ڤیزایان وەرگرتووە، دواین وادە بۆ چوونە ناو خاکی سعوودیە ڕۆژی ٣ی نیسانی ٢٠٢٦ دەبێت.
ستونی ڕوونیشیکردۆتەوە، ڕۆژی ١٨ی نیسانی ٢٠٢٦ بە کۆتا ڕۆژی وەرزی عومرە دادەنرێت و پێویستە تا ئەو ڕێکەوتە هەموو عومرەکاران گەڕابێتنەوە و کەس لەو وڵاتە نەمێنێتەوە.
وتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوە کرد، کە زۆربەی ئامادەکارییەکان بۆ حەجی ئەمساڵ تەواو کراون. سەبارەت بە کاریگەریی بارودۆخی ناوچەکە ڕایگەیاند “بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی نوێ یان گۆڕانکاری لە بەرنامەی حەجدا نەکراوە و کارەکان بە ڕێکوپێکی بەڕێوەدەچن.”
بڕیارە هەر لە ڕۆژی ١٨ی نیسانی ٢٠٢٦دا، ڤیزای حەجی ئەمساڵ چالاک بکرێت، ئەمەش وەک دەستپێکی قۆناغی کردەیی بۆ گەشتی حاجیانی هەرێمی کوردستان بەرەو مەککەی پیرۆز ئەژمار دەکرێت.
