دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لە دوێنێوە 16 هێرشی مووشەکی و درۆن کراوەتە سەر سلێمانی و کۆیە و زۆربەشیان لە ئاسماندا تێکشکێندراون.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماری دوو ڕۆژی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 2 هێرشی درۆنی کراوەتە سەر بارەگای هێزەکانی 70 لە شاری سلێمانی.
کاتژمێر 2:00ی سەرلەبەیانی هێرشێکی درۆن کرایە سەر سەنتەری شارۆچکەی کۆیە و لەدوای کاتژمێر 1:30 خولەکی پاش نیوەڕۆشەوە تا ئێستا، 6 هێرشی درۆنی کراوەتە سەر کەمپی پەنابەران لە شارۆچکەی کۆیە.
ئەوەشی خستەڕوو کە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە و زۆربەشیان لەئاسمان تێکشکێندراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە کە ڕۆژی سێشەممە، 3 هێرشی درۆن و 2 هێرشی مووشەکی کرایە سەر بارەگای هێزەکانی 70 لە سلێمانی و بە هۆیەوە دوو پێشمەرگەی وەزارەتی پێشمەرگە بەسووکی برینداربوون و زۆربەی هێرشەکانیش لەئاسماندا تێکشکێندران.
هەر هەمان ڕۆژ 2 هێرشی درۆن کرایە سەر کەمپی پەنابەران لە شارۆچکەی کۆیە و دوو کارمەندی ئاگركوژێنەوەی خەلیفان له كاتى جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا به سووكى بریندار بوون.
