وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەستكراوە بە واژۆکردنی گرێبەست بۆ هەناردەکردنی نەوتی رەش و نەفتا لەرێگەی دەروازەكانی تورکیاو ئوردن و سوریاوە.
باسم محەمەد خزەیر، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان، لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت: وەزارەتەکەيان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێمی کوردستان، کاتژمێر 6:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ دەستی بە کارەکانی هەناردە کردەوە، بە توانای سەرەتایی 170 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەناردەکردن بۆ 250 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەردەوامە.
ڕاشیگەیاندوو، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتدایەو بە چاودێری ڕێنمایی راستەوخۆی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەیەتی بۆ کاروباری وزە، بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لەو زیانانەی کە لە ئەنجامی وەستانی هەناردەکردن لە ڕێگەی سیستەمی بۆری باکورەوە روویداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) دەستیکردووە بە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و کڕیاران بۆ هەناردەکردنی نەوتی رەش و نەوتی خاو و نەفتا لەرێگەی سێ دەروازە، كە ئەوانیش(تورکیا، ئوردن و سوریا)یە.
جەختیشی كردەوە لەوەی، بەردەوامن بۆ زامنكردنی بەردەوامی هەناردەکردن لە ڕێگەی سیستەمی بۆری باکورەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
