موجتەبا خامنەیی پەیامێکی سەرەخۆشی بەبۆنەی شەهیدبوونی عەلی لاریجانی بڵاوکردەوە.
موجتەبا خامنەیی، لە پەیامێکی فەرمیدا هاوخەمی قووڵی خۆی بۆ شەهیدبوونی دکتۆر عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و نوێنەری ڕێبەری ئێران لەو ئەنجومەنەدا ڕاگەیاند، کە لەگەڵ کوڕەکەی و ژمارەیەک لە هاوکارانی گیانیان سپاردووە.
لە پەیامەکەدا هاتووە، کە دکتۆر لاریجانی کەسایەتییەکی “زانا، دووربین و هۆشمەند” بووە، کە بۆ ماوەی پێنج دەیە ڕۆڵێکی کاریگەر و دیاری هەبووە لە ئاستە جیاوازەکانی “سیاسی، سەربازی، ئەمنی، کولتووری و بەڕێوەبردن” لە ناو دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا.
موجتەبا خامنەیی تیرۆرکردنی لاریجانی بە نیشانەی “ڕق و کینەی دوژمنان” ناوزەد کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە ڕشتنی ئەم خوێنانە تەنها دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی بنەماکانی کۆماری ئیسلامی. هەروەها ڕایگەیاند: “بێگومان هەر خوێنێک باجێکی هەیە و بکوژە تاوانبارەکان دەبێت بەمزووانە باجەکەی بدەن.”
لە کۆتایی پەیامەکەدا، سەرەخۆشی ئاراستەی هاوسەر و منداڵەکانی شەهید لاریجانی و ئایەتوڵڵا ئامولی لاریجانی و سەرجەم خزم و کەسوکاریان کراوە و داوای بەرزکردنەوەی پلەی شەهیدانی لە خودای گەورە خواستووە.
