شۆڕشی دیجیتاڵی لە گومرگی عێراق؛ سیستەمی “ئەسیکۆدا” کۆتایی بە سەردەمی کاغەز و گەندەڵی دەهێنێت
عێراق لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی بازرگانی و وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی، پەنا بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی جیهانیی “ئەسیکۆدا – ASYCUDA” دەبات. ئەم پڕۆژەیە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و مۆدێرنکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت ئەژمار دەکرێت.
ئەسیکۆدا (مێشکە ئەلیکترۆنییەکەی گومرگ)
ئەسیکۆدا سیستمێکی کۆمپیوتەریی زۆر پێشکەوتووە کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (UNCTAD) داڕێژراوە. ئامانجی سەرەکی ئەم سیستمە گۆڕینی تەواوی پرۆسە گومرگییەکانە لە “کاغەز و مۆرکردنی دەستی”یەوە بۆ “دیجیتاڵی و ئۆتۆماتیکی”.
سیستمەکە چۆن کار دەکات؟
لە ساتەوەختی گەیشتنی کاڵا بۆ سەر سنوور تا دەرچوونی، هەموو هەنگاوەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی تۆمار دەکرێن، لەهەمان کاتدا، سیستمەکە توانای هەیە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دیاری بکات کام بارە “مەترسیدارە” و پێویستی بە پشکنینی وردە، و کام بارە دەکرێت بەبێ دواکەوتن تێپەڕێت، هاوکات لەلایەکی ترەوە، باج و ڕسوماتەکان بە وردییەکی زۆر و بەبێ دەستێوەردانی مرۆیی هەژمار دەکرێن، ئەمەش ئەگەری هەڵە و یاریکردن بە نرخەکان ناهێڵێت.
ئامانجە گەورەکانی پشت بڕیاری یەکخستنی سیستمەکە
پەرلەمانی عێراق جەخت لە یەکخستنی ئەم سیستمە لە تەواوی دەروازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، ئەمەش بۆ بەدیهێنانی سێ ئامانجی سەرەکی:
- داخستنی ڕێگەکانی قاچاخچێتی: بەهۆی یەکبوونی کۆد و پرۆسەکان لە هەموو سنوورەکان، چیتر بازرگان ناتوانێت باری بێ مۆڵەت یان نایاسایی تێپەڕێنێت.
- دەستەبەرکردنی داهات: دڵنیایی دەدات کە هەموو دینارێکی گومرگی ڕاستەوخۆ دەچێتە خەزێنەی گشتی و ناچێتە گیرفانی کەسییەوە.
- بڕینی دەستی بەرتیل: بەهۆی ئەلیکترۆنیبوونی پارەدان، پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان “بازرگان و فەرمانبەر” نامێنێت، ئەمەش ژینگەی بەرتیل وەرگرتن لەناو دەبات.
لە سایەی ئەم سیستمە نوێیەدا، بازرگانان دەبنە خاوەنی ئاسانکاریی بێوێنە؛ لەمەودوا دەتوانن لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە و لە ناو نووسینگەکانی خۆیاندا بەڵگەنامەکان بە شێوەی ئۆنلاین پێشکەش بکەن، هاوکات ڕسوماتەکان لە ڕێگەی بانکەوە و بە ئەلیکترۆنی بدەن، بێ ئەوەی پێویست بکات لە نۆرە درێژەکاندا بوەستن.
سیستەمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) وەک هەر پڕۆژەیەکی تری چاکسازی، لە پاڵ سوودە زۆرەکانیدا، کۆمەڵێک ئاستەنگ و خاڵی لاوازی بۆ بارودۆخی تایبەتی هەرێمی کوردستان هەیە، کە دەکرێت لەم خاڵانەدا کورتیان بکەینەوە:
١. کەمبوونەوەی دەسەڵاتی دارایی و کارگێڕی
جێبەجێکردنی ئەم سیستمە بە شێوەیەکی یەکگرتوو لەگەڵ بەغدا، بەواتای ئەوە دێت کە هەموو داتاکانی هەناردە و هاوردە لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی حکومەتی فیدراڵدا دەبێت. ئەمەش دەسەڵاتی هەرێم کەم دەکاتەوە لە جێبەجێکردنی ئەو یاسا و ڕێنماییە گومرگییە تایبەتانەی کە پێشتر بۆ هاندانی بازرگانان لە دەروازەکانی خۆی پەیڕەوی دەکرد.
٢. مەترسی لەدەستدانی بازرگانان
بەهۆی ئەوەی سیستمەکە ڕێکارەکان زۆر توند دەکاتەوە و باجەکان بە وردی و بەبێ جیاوازی هەژمار دەکات، ئەگەری هەیە تێچووی هاوردەکردن لە دەروازەکانی هەرێم زیاد بکات. ئەمەش وادەکات هەندێک بازرگان کە پێشتر بەهۆی ئاسانکارییەکانی هەرێمەوە کاڵاکانیان لێرەوە دەهێنا، ڕوو لە دەروازەکانی تری ناوەڕاست و باشووری عێراق بکەن.
