شارەزایەكی كەشناسی دۆخی كەشوهەوای ڕۆژانی جەژن ڕادەگەیەنێت و پێشبینی دەكات، لەم شەپۆلەدا بارانی بە لێزمە و هەورە بروسکە سەرجەم ناوچەکان بگرێتەوە و پلەكانی گەرما دادەبەزن.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەینێ پێنج شەممە، لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی قوڵ لە هەردوو دەریای سوور و ناوەراستەوە شەپۆلێکی بەخوڕی بارانبارین سەرجەم ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و سەرەتاش لە کاتەکانی بەیانیەوە کاریگەری ئەم شەپۆلە لەناوچەکانی پارێزگای ئەنبار و بەگشتی رۆژئاوای عێراق دەستپێدەکات پاشان لەکاتەکانی دوای نیوەرۆدا ناوچەکانی ناوەراست و باشوری عێراق دەگرێتەوە.
دەشڵێت: تێپەربوونی کات لە ئێوارەوە بۆ کاتەکانی شەو، بارانبارین سەرتاسەری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، کە بۆ سەرجەم ناوچەکانمان کاریگەری بەهێز دەبێت و لێزمە بارانی بەخوڕ و بەردەوامی دەبێت، لەگەڵ چالاکبوونی هەورە بروسکەش لە هەندێک کاتدا و چالاکبوونی بای باشووری رۆژهەڵات بەخێرای 15-30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ رۆژی هەینی جەژنی پیرۆزی رەمەزان، کاریگەری ئەم شەپۆلە بە بەهێزی لەسەر ناوچەکانمان بەردەوامی دەبێت بە تاوە بارانی بەخوڕی پچر پچر لەگەڵ زیادبوونی رێژەی هەورە بروسکە و بارینی تەرزەش لە هەندێ کات و شوێندا و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، پلەکانی گەرماش پێنج تا شەش پلە نزمدەبنەوە و لە لوتکەی چیا بەرزەکانیش بەفر دەبارێت.
جەختیشی كردۆتەوە، کاریگەری ئەم شەپۆلە بە چەند قۆناغێکی یەک لەدوای یەک پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی مانگ بەردەوامی ببێت، کە لە رۆژی شەممە 21ی مانگ، رۆژانە هەورە بروسکە و تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕ لەکات و شوێنی جیاجیادا دروست دەبێتەوە بەدرێژایی ئەو ماوەیەش پێشبینی بارینی برێکی زۆری بارانبارین دەکرێت لەسەرجەم ناوچەکانی کوردستان.
